یەکێتیی زانایان داوا لە حاجیان دەکات قوربانییەکانیان لە کوردستان بکەن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  30 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان داوا لە حاجیان دەکات قوربانییەکانیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش لەپێناو سوودمەندبوونی هەژارانی ناوخۆ و بووژانەوەی بازاڕی کوردستان.

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی راگەیاند: "ئەو حاجیانەی ئێستا لە سعودیەن، وا باشترە لێرە قوربانی بکەن. دەتوانن دایک، باوک، برا یان هەر کەسێکی دیکە بکەنە وەکیلی خۆیان بۆ قوربانییەکە، تاوەکو خەڵکی هەژاری خۆمان سوودمەند بن و بازاڕی کوردستانیش ببوژێتەوە."

وتەبێژی یەکێتیی زانایان جیاوازیی نێوان "فیدیە" و "قوربانی" روون دەکاتەوەو دەڵێت: "فیدیە دەبێت هەر لە کاتی حەجدا و لەوێ بکرێت، بەڵام قوربانیی ئاسایی باشتریشە لە کوردستان بکرێت، بۆیە داوا لە حاجیان دەکەین لێرە قوربانییەکەیان بکەن."

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ رێکلامێک بڵاوبووەتەوە گوایە قوربانییەکان ببرێنە دەرەوە وەک وڵاتانی ئەفریقا بۆ ئەوەی هەژارانی ئەوێ سوودمەند بن، بەڵام ئەو دەڵێت: "پێشینە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە، نەک وڵاتانی دیکە."

زیاتر لە 5 هەزار حاجی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعودیەن و، بەپێی بەڵگە شەرعییەکان، سبەی چوارشەممە، یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە