ئەنجومه‌نی باڵای فه‌توا: پاره‌ ته‌سلیم به‌ هیچ شوێنێک مەکەن بۆ قوربانیكردن

58   خولەک پێش ئێستا  20 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجومه‌نی باڵای فه‌توا لە كوردستان داوا دەكات پاره‌ ته‌سلیم به‌ هیچ ده‌زگا و رێکخراوێک نەكرێت بۆ ئەنجامدانی قوربانی، چونکە عیبادەتێکی سەربەخۆیە و دەشڵێت، "کەس قوربانی نەباتە دەرەوەی کوردستان، بەتایبەت کە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەکی زۆر هەیە لە باشوری کوردستان و تێکڕای پارچە دابڕاوەکانی تریش".

ئەنجومه‌نی باڵای فه‌توا لە كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەنجامدانی قوربانی سوننەتێکی گەورە و خێرێکی نەبڕاوەیە. کاتی سەربڕین لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوە دەستپێدەکات تا ئاوابونی خۆری رۆژی چوارەمی جەژن، کە لە هەمو کاتەکانی ئەو چوار رۆژەدا (شەو یان رۆژ) ئەنجامدانی دروستە.

 سەبارەت بە مەرجەکانی ئاژەڵەکە؛ پێویستە مەڕ و بزن بۆ یەک کەس بن و ڕەشەوڵاخ بۆ حەوت کەس، بە مەرجێک تەمەنی شەرعییان تەواو کردبێت و لە عەیب و نەخۆشی و لاوازیی توند بەدور بن. هەروەها چونکە سوننەتێکی کیفائییە، دروستە سەرۆکی خێزان یەک قوربانی بکات و پاداشتەکەی بۆ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بۆ ئەو کەسانەی لە حەجن یان لە دەرەوەی وڵات دەژین، باشتر وایە لە ڕێگەی بریکارەوە قوربانییەکەیان لە ناوخۆی کوردستان ئەنجام بدەن. بەپێی مەزهەبی شافیعی، گواستنەوەی قوربانی لە وڵات یان شارێکەوە بۆ شوێنێکی تر دروست نییە، مەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست و هەژاریی زیاتر، یان بۆ لای خزمە هەژارەکان بێت.

لە ڕوی دابەشکردنەوە ئەنجومه‌نی باڵای فه‌توا دەڵێت، قوربانی نەزر و وەسێتی مردو تەنها بۆ هەژارانە، بەڵام قوربانی سوننەت خاوەنەکەی و دەوڵەمەندانیش دەتوانن لێی بخۆن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومه‌نی باڵای فه‌توا لە هەرێم، باش وایە پاره‌ ته‌سلیم به‌ هیچ ده‌زگا و رێکخراوێک نەكرێت بۆ ئەنجامدانی قوربانی، چونکە عیبادەتێکی سەربەخۆیە، خێرتر وایە کەسەکان بۆ خۆیان ئەنجامی بدەن.

دەشڵێت، "داواکارین کەس قوربانی نەباتە دەرەوەی کوردستان، بەتایبەت کە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەکی زۆر هەیە لە باشوری کوردستان و تێکڕای پارچە دابڕاوەکانی تریش".

لە کۆتاییدا جەخت دەکرێتەوە کە باشترە خاوەن قوربانی ئامادەی سەربڕینەکە بێت و پێویستە ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاکوخاوێنی لە کوشتارگەکاندا بەتەواوی ڕەچاو بکرێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.

لە ماوەی ڕابردودا پرسی ناردنی قوربانی بۆ وڵاتانی ئەفریقا لەلایەن هەندێک ڕێکخراوی خێرخوازییەوە بوە جێی مشتومڕێکی زۆر لە نێوان هاوڵاتیان و ناوەندە ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان. زۆرێک لە ڕەخنەگران لەو بڕوایەدان کە بەهۆی بونی ڕێژەیەکی بەرچاوی هەژاری و پێویستیی دارایی لە ناوخۆی کوردستاندا، لە پێشترە کە خێرخوازان قوربانییەکانیان لە ناوخۆدا ئەنجام بدەن و گۆشتەکەی بەسەر کەسانی کەمده‌رامەتی نیشتمانی خۆیاندا دابەش بکەن، نەک هاوکارییەکان ئاڕاستەی شوێنە دورەکان بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوە خێرخوازییەکان وەک بەرگری لە کارەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان تەنها ڕۆڵی نێوەندکار دەبینن و جێبەجێکاری ویستی خودی خێرخوازانن، نەک ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر شوێنی قوربانییەکە بدەن. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، جەختکردنەوەی ناوەندە شەرعییەکان لەسەر ئەنجامدانی قوربانی لە ناوخۆ و ڕێگری کردن لە چونە دەرەوەی ئەو سامانە، وەک وەڵامێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەم دیاردەیە دادەنرێت تاوەکو لەم ڕێگەیەوە هاوسەنگییەک لە نێوان پاداشتی عیبادەت و هاوکاریکردنی هەژارانی کوردستاندا دروست بکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە