مەسعود بارزانی و عەلی زەیدی تاوتوێی پێکهێنانی حکومەت دەکەن
3 کاتژمێر پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
عەلی فالح زەیدی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە و "دووپات لە گرنگیی یەکخستنی تێڕوانین و هەڵوێستەکان و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە".
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەگەڵ شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا "بە گشتیی رەوشی وڵات و رەوتی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێکران".
هەروەها دووپات لە "گرنگیی یەکخستنی تێڕوانین و هەڵوێستەکان و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کرایەوە کە بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و قەیرانەکان تێپەڕێنێت، بەشێوەیەک ببێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان و بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو گەلی عێراق".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لێکرد.
|