جارێکی دیکە بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی دێگەڵە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
63 جار خوێنراوەتەوە
بە درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی دێگەڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی دێگەڵە کە کەمپی ژن و منداڵی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتە."
بە وتەی کاوە بەهرامی، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنی سێشەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان شەهید بوو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها هەر دوێنێ بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە.
رۆژی سێشەممە 14ی نیسانی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "دوو درۆن بە ئاسمانی ئیدارەکەماندا تێپەڕین."
بە وتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، درۆنەکان لە سنووری قەزای خەلیفان خرانە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستانیش دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 05:04ی ئێوارەی سێشەممە، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی پارێزگای هەولێر کرابوون، لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
|