ئێران هەڕەشەی داخستنی سێ رێگەی گرنگی ئاویی جیهان دەکات
5 کاتژمێر پێش ئێستا
222 جار خوێنراوەتەوە
فەرماندەی گشتیی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، ئەگەر واشنتن بەردەوام بێت لە ئابڵووقەدانی دەریایی کەشتییەکانیان، ئێران رێگە بە هیچ جۆرە هەناردە و هاوردەیەک لە تەواوی ناوچەکە نادات.
عەلی عەبدوڵڵاھی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بە ئابڵووقەی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکان و بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و تەنگەی هورمز کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئابڵووقەکە بەردەوام بێت، ئێران کاردانەوەی تووندی دەبێت.
عەلی عەبدوڵڵاھی هۆشداری دەداتە ئەمریکاو دەڵێت، "ئەگەر ئەمریکای دەستدرێژکارو تیرۆریست بیەوێت بەردەوام بێت لە کارە نایاساییەکانی بۆ ئابڵووقەدانی دەریایی لە ناوچەکەدا، نائەمنی بۆ کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی ئێران دروست بکات، ئەم کارەی ئەمریکا دەبێتە سەرەتایەک بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست."
ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران هەڕەشەی کاردانەوەی تووند دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئابڵووقەکە بەردەوام بێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران رێگە نادەن هیچ جۆرە هەناردە و هاوردەیەک لە ناوچەی کەنداوی فارس، دەریای عومان و دەریای سووردا بەردەوامیی هەبێت."
فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا دەشڵێت، ئێران بۆ بەرگریکردن لە "سەروەریی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی خۆی،" بە هێزەوە هەنگاو دەنێت و رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.
|