هەرسێ لایەنی جەنگ زیاتر لە 330 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە
5 کاتژمێر پێش ئێستا
189 جار خوێنراوەتەوە
ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگی 39 رۆژدا، زیاتر لە 330 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، کە ئێران زۆرترین زیان و ئیسرائیل کەمترین زیانی بەرکەوتووە.
فاتیمە موهاجیرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران لە لێدوانێکیدا زیانەکانی جەنگی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیانی ئێران لەم جەنگەی کۆتاییدا گەیشتووەتە 270 ملیار دۆلار.
ئێران دەیەوێت لە دانوستانەکاندا، قەرەبووی زیانەکانی بکرێتەوە و لەو بارەیەوە موهاجیرانی دووپاتی کردووەتەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەشێکی سەرەکین لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.
پەیوەست بە زیانی لایەنی ئەمریکی و ئیسرائیلی، ئەوە بەپێی بەدواداچوونە میدیاییەکان، زيانە راستەوخۆکانی ئەمریکا لە جەنگی 39 رۆژەی ئێران گەیشتووەتە 44 ملیار دۆلار، کە خەرجی شەش رۆژی یەکەمی 11 ملیار دۆلار بووە، هەروەها سێ ملیار دۆلاریش بەهۆی تێکشکانی کەرەستە سەربازییەکانی بووە، کە کۆی گشتی دەگاتە44 ملیار دۆلار.
هاوکات، ئیسرائیل لە ماوەی جەنگەکەدا 15 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، ئەمە جگە لەوەی زیانی ملیارەها دۆلاری دیکەی بەهۆی راگرتنی کەرتەکانی پیشەسازی و گەشتوگوزارییەوە بەرکەوتووە، هاوکات تاوەکو ئێستا 26 هەزار کەس داوای قەرەبوویان کردووە، کە زیان بەر ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی 28ی2ی2026، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران دەستیپێکردوو، کە بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی ئەمنی بە ئامانج گیراون، ئەمە جگە لەوەی پێگە سەربازییەکان و وێستگەکانی سوتەمەنیش ئامانجی جەنگەکە بوون، لە بەرامبەریشدا، ئێران بە هەڵدانی مووشەک بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، بەڵام لە بەرەبەیانی 8ی4ی2026، ئاگربەستی وەستانی جەنگ بۆ ماوەی دوو هەفتە راگەیەندرا.
|