بارەگای خاتەمولئەنبیا: هیچ بەندەرێکی کەنداو پارێزراو نابێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
145 جار خوێنراوەتەوە
ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، جگە لە کەشتییەکانی دوژمن، هەمو کەشیتییەکانی دیکە بە پابەندبون بە رێکارە راگەیەندراوەکانی ئێران، دەتوانن لە گەروی هورمزەوە تێپەڕن و هۆشداریش دەدات كە ئەگەر، "ئاسایشی بەندەرەکانیان پارێزراو نەبێت، هیچ بەندەرێک لە کەنداو و دەریای عومان پارێزراو نابێت".
ئیبراهیم زولفەقاری، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، "هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرگری لە مافە یاساییەکانی وڵاتەکەمان بە ئەرکێکی سروشتی و یاسایی دەزانن و لەسەر ئەم بنەمایەش پیادەکردنی سەروەریی ئێران لە ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەماندا مافێکی سروشتیی گەلی ئێرانە".
ئاماژەی بەوەشكرد، دابینکردنی ئاسایش لە ئاوە هەرێمییەکانی ئێران لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە بەردەوام دەبێت و وەک چۆن چەندین جار ڕاگەیەندراوە، ئەو کەشتییانەی سەر بە دوژمنن مافی تێپەڕبونیان نیە بە گەروی هورموزدا، و كەشتیەكانی دیکە بە ڕەچاوکردنی ڕێساکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک پێشو ڕێگەی تێپەڕبونیان لە گەروەکە دەبێت.
باسی لەوەشكرد، بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشەکانی دوژمن دژی گەلی ئێران و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان، دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش ئێران، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەروی هورموز جێبەجێ دەکات و سەپاندنی سنوردارکردنی ئەمریکا بەسەر هاتوچۆی دەریایی كەشتیەكان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، کارێکی نایاسایی و نمونەی چەتەی دەریاییە.
ئیبراهیم زولفەقاری لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، "هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنن کە ئاسایشی بەندەرەکان لە کەنداوی فارس و دەریای عومان یان بۆ هەموانە یان بۆ هیچ کەس".
وتیشی "ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی ئێران لە ئاوەکانی کەنداوی فارس و دەریای عومان هەڕەشەی لێ بکرێت، هیچ بەندەرێک لە کەنداوی فارس و دەریای عوماندا پارێزراو نابێت".
|