تۆم باراک بۆ مەسعود بارزانی: هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگە بۆ ئەمریکا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
بارەگای بارزانی دەڵێت، مەسعود بارزانی و تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵیت، تۆم باراک بە بارزانی راگەیاندووە، بۆ ئەمریکا هەرێمی کوردستان و عێراق "پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن" و ئەوان هاوکار دەبن کە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێن بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەکاندا.
دەقی راگەیێندراوەکە:
رۆژی پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026 پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا ئەنجام درا.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەڕێز تۆم باراك سڵاو و رێزی سەرۆک ترەمپی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە، و رایگەیاند کە ئەمریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و بەردەوام دەبن لەسەر هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هەروەها بەڕێز نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەمریکا هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن و ئەوان هاوکار دەبن کە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێن بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەکاندا.
بە هەمان شێوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆک ترەمپی کرد و رێز و پێزانینی خۆی بۆی دەربڕی و سوپاسی بەڕێز تۆم باراکی کرد بۆ رۆڵە کاریگەرەکەی.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەکە و گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیموکراسیەت و پێکەوەژیان و گفتوگۆ هەیە و رایگەیاند کە ئێمە هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەر و هەرگیز بەشێک نەبوون و نابین لە هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دا کە لەلایەن هەندێ هێزی بەدەر لە یاسا دەکرێنە هەرێمی کوردستان.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوور بگیرێن لەم شەڕە و پارێزراو بن.
|