مانگی رابردوو شەش هەزار جیابوونەوەی هاوسەران تۆمارکراوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
96 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری نوێی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەو مانگەدا زیاتر لە 27 هەزار گرێبەستی هاوسەری واژۆ کراون، لە بەرامبەردا نزیکەی شەش هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری مامەڵەکانی هاوسەرگیریی و جیابوونەوەی بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2026 لە پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوسەری لەو مانگەدا گەیشتوونەتە 27 هەزار و 256 گرێبەست، لە بەرامبەریشدا پێنج هەزار و 999 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون.
هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، بەغدای پایتەخت زۆرترین ژمارەی هاوسەری و جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە. دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ رەسافە بە تۆمارکردنی سێ هەزار و 692 گرێبەستی هاوژینی و هەزار و 428 جیابوونەوە لە پلەی یەکەم دێت، پاشان دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ کەرخ دێت بە دوو هەزار و 969 گرێبەستی هاوژینی و هەزار و 208 جیابوونەوە.
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی دادوەری، کەمترین حاڵەتی جیابوونەوە لە پارێزگای واست بووە کە تەنیا 86 حاڵەت بووە، دوای ئەویش پارێزگاکانی میسان و بابل دێن کە لە هەر یەکێکیان 126 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ئاماری پارێزگاکان:
- نەینەوا: 3.057 هاوژینی، 430 جیابوونەوە
- بەسرە: 2.838 هاوژینی، 434 جیابوونەوە
- بابل: 1.770 هاوژینی، 126 جیابوونەوە
- نەجەف: 1.552 هاوژینی، 255 جیابوونەوە
- ئەنبار: 1.480 هاوژینی، 274 جیابوونەوە
- کەربەلا: 1.397 هاوژینی، 356 جیابوونەوە
- کەرکووک: 1.300 هاوژینی، 162 جیابوونەوە
- زیقار: 1.222 هاوژینی، 235 جیابوونەوە
- سەڵاحەدین: 1.176 هاوژینی، 154 جیابوونەوە
- دیالە: 1.153 هاوژینی، 161 جیابوونەوە
- قادسیە: 995 هاوژینی، 367 جیابوونەوە
- واست: 990 هاوژینی، 86 جیابوونەوە
- میسان: 942 هاوژینی، 126 جیابوونەوە
- موسەننا: 723 هاوژینی، 197 جیابوونەوە
کۆی گشتی: 27.256 گرێبەستی هاوسەرگیری، 5.999 جیابوونەوە.
|