"بەپارەی هاوكارییەكان چەندین پڕۆژەی گرنگ لەچەمچەماڵ جێبەجێ دەكرێن"

2   کاتژمێر پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

كۆبوونەوەی بۆردی چاودێری چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، تێدا كۆی ئەو پارانەی كە بۆ قەرەبووی زیانلێكەوتووان خەرجكراوە خرایەڕوو، هاوكات لیژنەیەكی جێبەجێكاریش بۆ چۆنێتی خەرجكردنی ئەو پارەیە پێكهێنرا كە لەقەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان زیاد بووە و ئێستا لەبانكی چەرموو هەڵگیراوە.

عەتا محەمەد سەرپەرشتیاری كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كۆبوونەوەی بۆردی چاودێری چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، كەتێیدا راپۆرتی لیژنەی چاودێری دارایی خرایەڕوو، هاوكات هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ میكانیزمی كاری كۆمسیۆنەكەو بۆردی چاودێری دارایی و ئەو داتاو پارەو چەكانە كرا كەبۆ زیانلێكەوتووانی چەمچەماڵ خەرجكراون.

ئەوەشی خستەڕوو: لەكۆی ئەو 14 ملیار و 500 ملیۆن دینارەی كە بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ كۆكرابووەوە، بڕی 8 ملیار و 758 ملیۆن و 728 هەزار و 250 دینار پارە ماوەتەوەو لە بانكی چەرموو لەچەمچەماڵ بەشێوەی نەختینە هەڵگیراوە.

راشیگەیاند: هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەیەكی جێبەجێكاری بچوككراوە بەسەرپەرشتی قائیمقامی چەمچەماڵ و بەئەندامێتی سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ، سەرۆكی شارەوانی شۆڕش، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەرو بەڕێوەبەری ناحیەی تەكیە پێكبهێنرێت، بۆئەوەی پێشنیاری ئەو پڕۆژانە بكەن كە بۆ سنوورەكە پێویستن تاوەكو بتوانرێت بەو پارەیەی كە ماوەتەوەو لە بانكی چەرموو هەڵگیراوە، جێبەجێ بكرێن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی 22ی12ی2025 قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی هاوكارییەكان بەسەر خێزانە زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی قەزای چەمچەماڵدا دەستپێكردو رۆژی 20ی 1ی 2026، كۆتایی بە دابەشكردنی هاوكارییەكانی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ هات و تائەوكاتە دوو هەزار و 771 چەكی بانكی بۆ دوو هەزار و 771 حاڵەتی جیاواز خەرجكرا لەوانە، هەزار و 681 چەكی بانكی بۆ چاككردنەوە و كڕینی پێداویستی ناوماڵی هاووڵاتیان  دابینكراوە و قەرەبووی 285 دوكان و كۆگا و بینای بازرگانی و 804 خاوەن ئۆتۆمبێل كراوەوەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە