سوودانی: پاڵپشتیی تەواو پێشکەشی پاسەوانی سنوری هەرێم دەکرێت

4   کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی نائاساییدا کە سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشداربوون، فەرمانی کرد پاڵپشتیی تەواوی هێزەکانی پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان بکرێت و هەر هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە سنوورەکان "بە تووندی" وەڵام بدرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی نائاسایی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە وەزیری دەرەوە، فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەبوون.
 
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی رووداوە خێراکانی نێو سووریا و ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
 
سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا دڵنیایی داوە کە "سنوورە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ سووریا، بە تەواوی تووندوتۆڵ کراون و هێزەکانمان توانای بەرزیان هەیە بۆ رێگری لە هەر دزەپێکردنێک بۆ نێو خاکی عێراق."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "گرووپە تیرۆریستییەکان توانای ئەنجامدانی هیچ هەوڵێکیان نەماوە، چ لەسەر سنوور و چ لەنێو شارەکان، ئەوەش دوای ئەو گورزە بەهێزانەی بەدەستی هێزە ئەمنییەکان بەریانکەوتووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی فەرمانی کردووە بەدواداچوون بۆ سەرجەم پێویستییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت و، "پاڵپشتیی تەواویان پێشکێش بکرێت."
 
هەروەها فەرمانی کردووە بەردەوامی بە چاودێریکردنی هێڵی سنووری بدرێت و "بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەر هەوڵێک بکرێت کە ئامانجی زیانگەیاندن بێت بە ئاسایشی سنوورەکان."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دۆخی نێوخۆی سووریا؛ "بەشداربووان جەختیان لە گرنگیی سەقامگیریی ئەو وڵاتە کردەوە و داوایان کرد کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بکەن بۆ راگرتنی شەڕ و تووندوتیژی."
 
هاوکات، جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سووریا کۆنترۆڵی زیندانەکان توندوتۆڵ بکەن "بۆ رێگری لە هەڵاتنی تیرۆریستان و تاوانباران."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە