گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر دێر حافیر و بەنداوی تشرینگرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر دێر حافیر و بەنداوی تشرین

2   کاتژمێر پێش ئێستا  42 جار خوێنراوەتەوە

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، چەکدارانی سەر بە حکومەتی شام هێرش دەکەنە سەر خاڵەکانیان لە شارۆچکەی دێر حافیر.
 
هاوکات، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی "سوپای عەرەبیی سووریا" (هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن) هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و شارۆچکەکانی دێر حافیر و مەسکەنەی وەکو "ناوچەی سەربازیی داخراو" راگەیاند.
 
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپە چەکدارەکان شارۆچکەی دێر حافیر لە رۆژهەڵاتی گوندەواری حەلەب تۆپباران دەکەن. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی کوژراو یان برینداربوونی کەس بڵاونەکراوەتەوە.
 
دوو جار هێرش کرایە سەر بەنداوی تشرین
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی شام دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، "لەو هێرشانەدا درۆنی بۆمبڕێژکراو و تۆپی قورس بەکارهێندراون. هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانە، گوندی 'ئوم ئەلمەرایە' لە باشووری دێر حافیر تۆپباران کراوە."
 
هەسەدە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن.
 
هێرش لە دێرەزوور
 
لەلایەکی دیکەوە، هەسەدە رایگەیاند،  بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، چەکدارانی سەر بە حکومەتی شام لە گوندەواری دێرەزوور هێرشیان کردووەتە سەر خاڵەکانیان. بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکە کاژێر 11:25ی شەوی رابردوو لە شارۆچکەی "ئەبو حەمام" لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور روویداوە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "چەکدارەکان لەوبەری چەمی فوراتەوە بە تەقەیان لە خاڵەکانی هەسەدە کردووە." هەسەدە جەختی کردەوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، شەڕڤانانیان دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی ناوچەکە گرتووەتەبەر.
 
ئیلهام ئەحمەد: حکومەتی سووریا رێککەوتنی 10ی ئاداری هەڵوەشاندووەتەوە
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێکردنی شەڕ لەلایەن حکومەتی سووریاوە، هەڵوەشاندنەوەیەکی یەکلایەنەی رێککەوتنی 10ی ئادارە.
 
ئیلهام ئەحمەد وتیشی، "ئێمە تاوەکو ئێستا پابەندی رێککەوتنی 10ی ئادارین و ئامادەین بۆ دانوستاندن لەو چوارچێوەیەدا."
 
لەبارەی ئەگەری سەپاندنی شەڕیشەوە رایگەیاند، "ئێمە دژی شەڕین، بەڵام ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە