بازرگانی سلێمانی: نرخی هاوردەکردنی هەندێک لە کاڵا و شمەک بەرزدەبێتەوە
7 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
ژوری بازرگانی سلێمانی دەڵێت، نرخی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگ لە دۆلار و نیوێکەوە بووە بە هەشت دۆلار، بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆداو زیادکردنی باج و رسوماتی گومرکی، بازرگانانیش ناڕازین .
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، سیستمی ئەسیکۆدا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە عێراق پەیڕەو کردووە، بۆ زیادکردنی باج و گومرگ، دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ زیاترن پشتگیریی زیادکردنی باجیان دەکەن.
لە سلێمانی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت
وتیشی، نرخی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگ لە دۆلار و نیوێکەوە بووەتە هەشت دۆلار، ئەمەش ناڕەزایەتی لەلای بازرگانان دروست کردووە و بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ دەبێت رسومات بەپێی پێویست بێت، بۆیە حکومەتی عێراق دەبێت پێداچوونەوە بە باج و گومرگدا بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کاڵایانەی کە ئێستا هەن لەبازاڕەکاندا بە باج و گومرگی پێشووتر هاتووە و کاریگەریی ئەم بڕیارە لەئێستادا دیار نییە، بەڵام لە دوای ئەم بڕیارە هەندێک لە کاڵا و شمەک نرخەکانیان لە بازاڕدا زۆر بەرزدەبێتەوە.
ئەسیکۆدا، سیستەمێکی ئەلیکترۆنییە و بە سیستەمی ئۆتۆماتیکیی زانیارییە گومرگییەکان دەناسرێت، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان پەرەی پێدراوە و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بۆ رێکخستنی کارە گومرگییەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان بەکاردێت.
سیستەمەکە بۆ هەژمارکردنی رەسمی گومرگی و باجەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەپێی جۆری کاڵاکە، کۆدی پێناسەی گومرگی، وڵاتی بەرهەمهێن و رێککەوتننامە بازرگانییەکان کار دەکات ، هەروەها زانیارییە گومرگییەکان بە ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەبات، ئەمەش مامەڵە کاغەزییەکان کەمدەکاتەوە و رێکارەکانی دەرهێنانی کاڵاکان خێراتر دەکات.
|