دەستەی دەستپاکی چاودێری ئەو پارەیە دەکات بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

9   کاتژمێر پێش ئێستا  112 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی راگەیاند، وردەکاریی چۆنیەتیی مامەڵەکردن و خەرجکردنی ئەو پارەیەی  بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە خستەڕوو و جەختی کردەوە پرۆسەکە بە تەواوی شەفاف دەبێت و چاودێری دەکرێت.
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەبارەت بە رۆڵی دەستەی دەستپاکی لە چاودێریکردنی پارەکە، رایگەیاند: "کۆمەڵێک رێکخراوی مەدەنی و کەناڵ یارمەتییان کۆکردووەتەوە، بەڵام بڕی پارەی کۆکراوە لەلایەن رووداوەوە تاوەکو ئێستا زۆرترینە. گرنگە ئەو پارەیە بچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی، چونکە ئەو کاتە وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و روون و شەفاف دەبێت و دامەزراوەکانی وەک دیوانی چاودێریی دارایی دەتوانن چاودێری بکەن و داوای راپۆرتی خەرجکردنی بکەن."
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەروتیشی: "ئێمە وەک دەستەی دەستپاکی، بەشێک لە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین کە چاودێریی پرۆسەکەیە. لەو رۆژەوەی پارەکە دەچێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییە، دەبێتە داهاتی گشتی و ئێمە دەتوانین نوێنەرمان هەبێت و چاودێریی مەیدانی بکەین. گومانمان لە کەس نییە، بەڵام ئەمە رێکارێکی چاودێرییە بۆ دڵنیابوون."
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر جەختی لەسەر ئەولەویەتەکان کردەوە و وتی: "دەبێت بەرنامەیەکی ورد هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر 500 ماڵ پێویستیان بە کەلوپەل بێت، دەبێت خەمڵاندن بکرێت. ئۆتۆمبێل راستە زەرەرە، بەڵام هاووڵاتییەک کە ماڵی نەماوە و هیچ کەلوپەلێکی بۆ دەرنەچووە، لە پێشترە. خەڵکێک هەیە شوێنی حەوانەوەی نەماوە و چوونەتە ماڵی خزمانیان. کارەساتەکە گەورەیە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیش هەیە."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، باسی لە گرنگیی دانانی پلانی حکومی بۆ کارەساتە سرووشتییەکان کرد و رایگەیاند: "پێویستە حکومەت بودجەیەکی تایبەت بە دۆخە لەناکاوەکان دابین بکات. خەڵکێکی زۆر لە کوردستان توانای داراییان باشە و حەزیان بە کاری خێرخوازییە، بەڵام متمانەیان دەوێت کە پارەکەیان بە شوێنی شایستە دەگات. ئەم هەڵمەتانە تەنیا لایەنی ماددییان گرنگ نییە، بەڵکو ئەو هاوسۆزییەی لەنێو کۆمەڵگەدا دروستی دەکات، زۆر گرنگە."
 
سەبارەت بە میکانیزمی بەخشین و خەرجکردنی پارەکە، حاکم ئەحمەد ئەنوەر روونیکردەوە: "هەژمارێکی بانکی لە بانکێکی حکومی کراوەتەوە و پارەکە دەچێتە ئەوێ. ئەمە دڵنیایی دەداتە خێرخوازان دواتر، پێویستمان بە لیژنەیەکی جێبەجێکردن دەبێت کە رەنگە لە دامەزراوە رەسمییەکانی حکومەت پێکبێت. ئێمە وەک دەستەی دەستپاکی خۆبەخشانە چاودێریی پرۆسەکە دەکەین.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە