پارتی: بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ئه‌وپه‌ڕی نه‌رمیمان نیشاندا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  75 جار خوێنراوەتەوە

شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌و په‌ڕی نه‌رمیمان نیشاندا و  زۆر زیاتر له‌ شایسته‌ی ده‌نگ و كورسیه‌كانی یه‌كێتی ئاماده‌ی رێككه‌وتن بوین بۆ دڵنیاییدان به‌ یه‌كێتی و ده‌شڵێت، "له‌ چوارچێوه‌ی كۆبونه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وت كه‌ یه‌كێتی نایه‌ته‌ پێش بۆ رێككه‌وتن تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و چه‌ندینجاریش له‌وه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ ".

شاندی دانوستانكاری پارتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "رۆژی 31ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2024 له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ سلێمانی رێككه‌وتن كرا له‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگ له‌ بواره‌ جیاجیاكانی (سیاسی، یاسایی، كارگێری، خزمه‌تگوزاری، دارایی و ئابوری و، سه‌ربازی و ئه‌منی).

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "‎دوای ڕێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر دیدگای هاوبه‌ش له‌ (ئایار/5)ی 2025 ده‌ستمان كرد به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر شێوازی به‌شداری هه‌ردولا له‌ ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پارتی دو بنه‌مای خستنه‌ڕو كه‌ بریتی بون له‌ رێزگرتن له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ڕه‌چاوكردنی پێگه‌ی هه‌ردولا و واقیعی هه‌رێمی كوردستان".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی شاندی دانوستانكاری پارتی:

سەڕەراى دروست کردنى کۆسپ و تەگەرەى زۆر لە بەردەم  هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە ئامانج لێی ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن یان لاوازکردنى پارتى بوو، بەڵام پارتى بە بڕوا بوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەکى کاراى لە هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوودا کرد کە براوەى یەکەم تیایدا هەرێمى کوردستان بوو، جارێکى تریش پارتى متمانەیەکى بەهێزى گەلى کوردستانى بەدەست هێنا.

‎دواى پەسەندکردنى دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، پارتى لە ڕوانگەى کارى پێکەوەیی و لە پێناو تازەکردنەوەى شەرعیەتى یاسایى بۆ دامەزراوەکانى هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەى گەلى کوردستان، هەروەکو بەڵێن درا کە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان لە سەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی کراوەبێت، شاندەکەمان دەستى بە سەردانى سەرجەم لایەنەکان کە کورسیان بەدەستهێناوە کرد.  

لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنە بەڕێزەکانی دیکە کە کورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێک لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و ئێمەش ڕێزمان لەو بژاردەیە گرت.  

لە ڕێکەوتى 30/11/2024 لە شارى سلێمانى یەکەمین کۆبوونەوە لە نێوان شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان  بەڕێوەچوو، لە میانەى چەندین دانیشتن بڕیار درا کە کاربکرێت لە سەر  ئامادەکردنى دیدگایەکى هاوبەشى بۆ قۆناغى داهاتووى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان کە مەبەست لێى پتەوکردنى کارى دامەزراوەیی و هاوبەشىىى بێت لە ئەرک و دەستەڵاتەکان و خزمەتکردنى زیاترى هاونیشتمانیان بۆ بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان. لە چوارچێوەى ئەو دیدگا هاوبەشەدا رێککەوتن کرا لەسەر چەندین تەوەرى گرنگ لە بوارە جیاجیاکانى (سیاسى، یاسایی، کارگێرى، خزمەتگوزارى، دارایى و ئابوورى و، سەربازى و ئەمنى).

‎هاونیشتمانیانى خۆشەویست

‎دواى ڕێککەوتنى کۆتایی لەسەر دیدگاى هاوبەش لە ئایاری ٢٠٢٥ دەستمان کرد بە گفتوگۆ کردن لەسەر شێوازى بەشدارى هەردوولا لە ئەرک و دەستەڵاتەکانى حوکمڕانی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەماى خستنەڕوو کە بریتى بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن و، ڕەچاوکردنى پێگەى هەردوولا و واقیعى هەرێمى کوردستان.

‎لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەست کراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەو پەڕى نەرمیمان نیشاندا و  زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەکێتى، هەم لە دیدگاى هاوبەش و هەم لە بەشدارى بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێککەوتنى نیشاندا بە شێوەیەک کە:

‎بەشدارییەکى هاوسەنگ لە سەرۆکایەتیەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بکرێت بە جۆرێک کە (سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و جێگرى سەرۆکى هەرێم و جێگرى سەرۆکى حکوومەت لاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بن) هەروەها لە کۆى ٢٢ وەزیرى حکوومەتى هەرێم کە کابینە پێک دەهێنن، پێشنیارى پارتى وا بووە کە پێکهاتەکان بە ٢ وەزیر بەشدارى کابینە بن و (٨ بۆ ٩) وەزارەت لاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بن کە تیایدا وەزارەتى گرنگى بوارى (سەربازى، ئابوورى و داراییى و، خزمەتگوزارى) تێدایە، هەروەها بەشداریەکى کارا و کاریگەر لە بوارى ئەمنى و پۆستەکانى تریش لە دەستەکان و فەرمانگەکان.

‎کوردستانیانى ئازیز

‎لەتەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیارىى ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمیەکى نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشیەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشاندا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى.

‎   لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندى هەرێمدا نیە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت.

 لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکوومەتى هەرێم و هاووڵاتیانى کوردستان و دەنگدەرانى پارتى دڵنیا دەکەینەوە لە پێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجە و پارێزگارى لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و هیچ ڕێگریەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئایندەیەکى گەش و داهاتوویەکى ڕووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان.

 

شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان 

  ٦ ی ١١ ی ٢٠٢٥


   ئەمانەش بخوێنەرەوە