تۆماهۆک؛ ئەو مووشەکەی زیلینسکی داوای دەکات و دەگاتە مۆسکۆ
6 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بۆ داواکردنی مووشەکی کرووزی تۆماهۆک چووە کۆشکی سپی و ترەمپیش وتی، هیوادارە پێویستییان پێی نەبێت. چەکەکە توانای ئەوە بە کیێڤ دەبەخشێت هێرشی ورد و وێرانکەر بکاتە سەر مۆسکۆ و ئامانجەکانی دیکەی نێو رووسیا.
مووشەکی تۆماهۆک بەهۆی مەودا دوورەکەی، وردی و تێچووە کەمەکەی بەراورد بە فڕۆکەی جەنگی، ماوەیەکی زۆرە وەک چەکێکی سەرەکی لە کۆگەی پێنتاگۆندا سەیر دەکرێ. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە زیاتر لە چوار دەیەی رابردوودا زیاتر لە 2,300 مووشەکی تۆماهۆکی لە جەنگەکاندا بەکارهێناوە و نوێترین جۆریان نزیکەی 2.5 ملیۆن دۆلار تێچوویەتی.
مووشەکی تۆماهۆک چییە؟
تۆماهۆک مووشەکێکی کروزە، واتە بە بزوێنەرێکی بچووکی جێت کاردەکات و باڵی هەیە کە یارمەتیی فڕینی دەدەن، ئەمەش وادەکات وەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خۆی ئاراستەی ئامانجەکەی بکات. مێژووی پەرەپێدانی بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە و یەکەمجار لە جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991 بەکارهێندرا.
توانا و تایبەتمەندییەکانی
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی تۆماهۆک مەودا دوورەکەیەتی کە دەتوانێ زیاتر لە 1,600 کیلۆمەتر ببڕێ، لە کاتێکدا دووریی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ نزیکەی 800 کیلۆمەترە.
ئەم مووشەکە دەتوانێت لە بەرزییەکی نزمدا بڕوات کە ئەمەش دۆزینەوەی لەلایەن رادارەوە قورس دەکات. هەروەها خێراییەکەی دەگاتە نزیکەی 900 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا (نزیکەی 70٪ی خێرایی دەنگ).
چۆن لەلایەن ئۆکرایناوە بەکاردەهێندرێ؟
لە ساڵی 2024دا، سوپای ئەمریکا سیستمێکی نوێی هەڵدانی زەوینیی بۆ تۆماهۆک و مووشەکە دەریاییەکانی دیکە بە ناوی "تایفون" (Typhon) خستەکار.
ئەم سیستمە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی هێزە ئەتۆمییە مەودا مامناوەندەکان (INF) لەنێوان رووسیا و ئەمریکا لە ساڵی 2019 بە خێرایی پەرەی پێدرا. چاوەڕوان ناکرێ هێزەکانی ئۆکراینا پێویستییان بە راهێنانێکی زۆر بێ بۆ بەکارهێنانی، چونکە پێشتر بە خێرایی فێری سیستمی هایمارس بوون.
کڵاوەی جەنگی و شێوازی ئاراستەکردن
تۆماهۆک بە شێوەیەکی گشتی کڵاوەیەکی جەنگی هەڵدەگرێ کە هێزی تەقینەوەکەی هاوتایە بە نزیکەی 400 پاوەند (180 کیلۆگرام) لە مادەی TNT. هەروەها جۆری دیکەی هەیە کە بۆمبی هێشوویی هەڵدەگرێ یان دەتوانێ بە بڵاوکردنەوەی ریشاڵی کاربۆن، تۆڕی کارەبای دووژمن بۆ ماوەیەکی کاتی لەکاربخات.
ئەم مووشەکە بۆ دۆزینەوەی ئامانجەکانی پشت بە سیستمی GPS، نەخشەی تۆپۆگرافیی زەوی و وێنەی دیجیتاڵی ئامانجەکە دەبەستێ، هەروەها دەتوانێت لە کاتی فڕیندا ئاراستەکەی بگۆڕێت بۆ خۆلادان لە بەرگریی ئاسمانی.
|