دامەزرێنەری یەپەگە لە هێرشێكی توركیادا گیانی لەدەستدا
8 کاتژمێر پێش ئێستا
159 جار خوێنراوەتەوە
یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕایگەیاند، نورەدین سۆفی فەرماندە و پێشەنگی شۆڕشی رۆژئاڤای كوردستان رۆژی 6ی (نیسان/4)ـی2021 لەكاتی سەردانی هەڤاڵانی پێشوی، لە هێرشێكی توركیادا لە گارێ گیانی لەدەستدا. دەشڵێت، "سۆفی فەرماندەی یەپەگە بوە و سەركردایەتی ژمارەیەك شەڕ و هەڵمەتی كردوە، لەوانە ئازادكردنی باغۆزی كۆتا وێستگەی داعش".
ناوەندی ڕاگەیاندی یەپەگە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی 6ی (نیسان/4)ی 2021، لە کاتێکدا کە فەرماندە و پێشەنگی شۆڕشی رۆژاڤا، هەڤاڵ نورەدین سۆفی، سەردانی هەڤاڵانی پێشوی لە خەباتدا دەکرد، لە ئەنجامی هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا لە ناوچەی "بێرگار"ی گارێ شەهید بو.
ئاماژەی بەوەشكرد، "فەرماندە نورەدین سۆفی ساڵی 2013 بەئامانجی پەیوەستبون بە شۆڕشی ڕۆژئاڤا هاتەوە رۆژئاڤای کوردستان. پێشەنگایەتی كرد لە پرۆسەی رێکخستنی یەپەگە و دواتر لە پێکهێنانی هێزی یەپەگە و یەپەژەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "نورەدین سۆفی لە ساڵی 2016 فەرماندەی یەپەگەی وەرگرت و سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی تەل حمیس، تەل بێراک، هەڵمەتی سزا، ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات لە رەقە، ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە لە دێرەزور، هەڵمەتی باغۆزی کردوە؛ فەرماندەیی شەڕی بەرخۆدان بو لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی عەفرین و سەرێکانی و گیرێ سپی".
ئەوەشیخستەڕو، "نورەدین سۆفی لە ساڵی 2013 بەدواوە بەرپرسیارێتیی باڵای لە بنیاتنانی شۆڕشدا گرتە ئەستۆ. لە بوارەکانی سیاسی، ئایدۆلۆژی، دیپلۆماسی و سەربازیدا کاری کرد. هەوڵەکانی لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەماهەنگ کرد بۆ دامەزراوەییکردنی تەڤ-دەم و سیستەمی کانتۆنەکان".
دەشڵیت، "بۆ سیستەماتیککردنی کاری کۆمۆنە و ئەنجومەنەکان، شار بە شار دەگەڕا و لەگەڵ هەمو دامەزراوەکاندا کاری دەکرد. شانبەشانی خەڵک کاری دەکرد، بە شێوەیەکی کەسی مامەڵەی لەگەڵ کێشەکاندا دەکرد و هەرگیز بە چاوی کەم سەیری کەسی نەدەکرد".
|