مەسعود بارزانی و مەشهەدانی جەخت لە چارەسەری بەپەلەی مووچە دەکەنەوە

4   کاتژمێر پێش ئێستا  116 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی و مەحمود مەشهەدانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆبونه‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند، نابێت بە هیچ شێوەیەکیش قوتی هاوڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و هەردو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم نەکرێت و بە زوترین کات کێشەی ناردنی موچە و شایستەداراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت.

بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحمود مەشهەدانی کرد. لە دیدارەکەدا  گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن و بە هیچ شێوەیەکیش قوتی هاوڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و هەردو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم نەکرێت و بە زوترین کات کێشەی ناردنی موچە و شایستەداراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەری دیكەی ئەو دیدارە بون.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە