توركیا سزاكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ نیوە كەمدەكاتەوە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  268 جار خوێنراوەتەوە

ماوەی داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕ‌ۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا تاوەكو 6ی 10ی 2025، درێژكرایەوە و ئەندامێكی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: "بۆ یەكەمجارە سزاكانی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ نیوە كەمبكرێتەوە.

كاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ٧ڕۆژی راگەیاند: "درێژكردنەوەی سزاكانی سەر فڕ‌ۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە لەلایەن دەسەڵاتی فڕ‌ۆكەوانی توركیاوە، دەرئەنجامی هەوڵەكانە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا، چونكە لە رابردوودا درێژكردنەوەی سزاكان شەش مانگی بوون".

کاروان یاروەیس وتیشی مەرج نییە سزاكە سێ مانگەكە تەواوبكات، چونكە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیا دەتوانێت پێش سێ مانگەكە سزاكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵبووەشێنێتەوە، ئەمەش پاش ئەوە دێت كە لە كۆتا سەردانماندا بۆ توركیا، داوامان لە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە كرد، سزاكانی سەر  فڕ‌ۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لاببرێت" كاروان یاروەیس وادەڵێت.

راشیگەیاند: "لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ یەكەمجارە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیا سزاكانی بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ نیوە كەمبكاتەوە، كە پێدەچێت ئەوكاتە وەك هەڵسەنگاندنێك دیاریكرابێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و وڵاتی توركیا، كە پێشتر بەهۆكاری جیاواز پەیوەندییەكانیان ئاڵۆزی تێكەوت".
 
توركیا  بۆ یەكەمجار  لە  6ـی4ـی 2023  گەمارۆی گەشتە ئاسمانییەكانی خستە سەر فڕ‌ۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەمەش زیاتر لە دوو ساڵە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە لایەن توركیاوە گەمارۆی خراوەتەسەرو ئاسمانی خۆی بە ڕووی گەشتەکانی سلێمانیدا داخستووە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە