کۆمسیۆن کاتی پێدانی ژمارە بە لیست و کاندیدەکان دیاری دەکات

7   کاتژمێر پێش ئێستا  241 جار خوێنراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئاشکرایدەکات، ئێستا لە قۆناغی پێداچوونەوەی لیستی کاندیدەکان و ناردنیانین بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاماژەبەوەشدەکات "دوای  پەسەندکردنی لیست و کاندیدەکان تیروپشک  بۆ پێدانی  ژمارە بە قەوارە و لیست و کاندیدەکان دەکرێت".

عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، دەنگۆی کردنەوەی دەرگای گۆڕانکاری یان تۆمارکردنی لیست لە کۆمسیۆنەکە رەتکردەوە و دەڵێت: "کۆمسیۆن پڕۆسەی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکانی تەواوکردووە، تائێستاش هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ کردنەوەی دەرگا بۆ هەموارکردنەوە یان وەرگرتنی لیستی نوێ".

عیماد جەمیل وتیشی "قسەکردن لەسەر کردنەوەی کاندیدەکان لە ئێستادا بێ بنەمایە، بەو پێیەی کۆمسیۆنەکە لەسەر خشتە کاردەکات، کە کار و ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو رێکدەخات".

سەرۆکی تیمی راگەیاندنی  کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: "ئێستا کۆمسیۆن گەیشتووەتە قۆناغی پێداچوونەوە بە لیستی کاندیدەکان و ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و پەسەندکردنی ئەو لیستانە و ئەنجامدانی تیروپشک بۆ دیاریکردنی ژمارە بە قەوارەکان".

"ئێستا کۆمسیۆن گەیشتووەتە قۆناغی پشکنینی لیستی کاندیدەکان و ناردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و پەسەندکردنی ئەو لیستانە و ئەنجامدانی تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارەکان"، عیماد جەمیل وایوت.

پێشتر جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، رایگەیاند: "160 هاوپەیمانی و حزب و لیستی تاكەكەسی، لیستی ناوی كاندیدەكانیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پێشكەش كردووە".

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رۆژی 9ی4ی2025 لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رۆژی 11ی11ی2025ی وەك رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریكرد، لەبەرئەوە ناوی لیست و قەوارەکان پێشکەش بە کۆمسیۆن کراوە و چاوەڕوانی کۆتایی رێکارەکانن، تاوەکو دەست بە بانگەشە بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە