ئۆپێک+ بڕیاریدا بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات

8   کاتژمێر پێش ئێستا  65 جار خوێنراوەتەوە

هاوپەیمانیی ئۆپێک+ زیادکردنی بەرهەمهێنانی بە ڕێژەی زیاتر لەو زیادکردنە خێراتر دەکات کە لە سێ مانگی پێشوودا پەسەندی کردبوو، وڵاتانی ئەندام هەوڵدەدەن پشکی بازاڕ بەدەستبهێننەوە و هاوسەنگی نێوان دابینکردن و خواست لە بازاڕدا مسۆگه‌ر بكه‌ن.

هاوپەیمانی ئۆپێک+ بڕیاریدا لە مانگی ئابدا بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بە بڕی 548 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات، ئەوەش زیاتر بوو لەو زیادکردنانەی کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردودا ڕەزامەندی لەسەر دابوو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنەوەی پشکی بازاڕ، کە بە ڕکابەرەکانی لەدەستیدا لەو ماوەیەی کە دابینکردنی پێداویستییەکانی کەمکردەوە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان دابینکردن و خواست لە بازاڕدا.

بەگوێرەی بەیاننامەیەک ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، هەشت ئەندامی سەرەکی هاوپەیمانیەکە کۆبونەوە، (سعودیە، ڕوسیا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و سوڵتانییەتی عومان).

لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی ئۆپێکدا ڕویداوه‌، چونکە سەرەڕای لاوازی خواست و گەشەسەندنی نیشانەکانی زیادبونی دابینکردنی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانە خێراتر کردوە، ئەوەش فشاری خستوه‌تە سەر نرخی نەوت و دڵنیایی بۆ به‌كاربه‌ران دابین کردوە و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشوازی لێکرا کە داوای دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی دەکات.

هەشت وڵاتی سەرەکی ئۆپێک + پێشتر ڕێککەوتون لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی 411 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمموزدا، ئەوەش سێ ئەوەندەی ئامانجی سەرەتایی زیاد دەکات.

ئۆپێک+ پشتگیری له‌ سەقامگیری بازاڕ ده‌كات، هاوپەیمانییەکە لە بەیاننامەکەیدا هۆکاری زیادبونی دابینکردنی نەوتی بۆ "ئاسۆی ئابوری جیهانی سەقامگیر و بنەماکانی بازاڕی باش لە ئێستادا، وەک لە دابەزینی کۆگاکانی نەوتدا ڕەنگدەداتەوە" گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانرێت زیادبونی وردە وردە بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێنرێت یان پێچەوانە بکرێتەوە بەپێی پەرەسەندنی بارودۆخی بازاڕ، کە ئەو نەرمییە ڕێگە بە بلۆکەکە دەدات بەردەوام بێت لە پشتگیریکردن لە سەقامگیری بازاڕی نەوت.

هەروەها گروپی ئۆپێک+ ڕونیكرده‌وه‌، ئەو بڕیارە دەرفەتێک بۆ وڵاتانی بەشداربو دەڕەخسێنێت کە قەرەبوکردنەوەیان بۆ زیادەڕۆیی لە دابینکردن خێراتر بکەن، بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەشت وڵاتەکە لە 3ی ئاب کۆدەبنەوە و ئاستی بەرهەمهێنان بۆ مانگی ئەیلول دیاری دەکەن.

چەندین نوێنەری وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پێشتر ڕایانگەیاندو، لەسەر ئەوە کۆکن کە چەند هۆکارێک لە پشت گۆڕانی ڕێبازی ئۆپێک+ەوە هەیە، دیارترینیان دابینکردنی زیادبوونی خواست بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان لەلایەن ئەو ئەندامانەی کە پشکەکانیان تێپەڕاندوە، کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە نرخەکان، و وەرگرتنەوەی پشکی بازاڕ.

داتاکانی دەزگای هەواڵگری بلومبێرگ ئاماژە بەوە دەکەن کە سعودیە پشکی شێری لە توانای بەرهەمهێنانی زیادەی ئۆپێکدا هەیە، کە 47%یە، لە دوای ئەویش ئیمارات بە 23%، پاشان ئێران و عێراق بە 9% هەریەکەیان، کە کۆی گشتی نزیکەی 6.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

پشکی ئۆپێک لە کۆی گشتی دابینکردنی نەوتی خاو و کۆندێنسێت لە جیهاندا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا نزیکەی 10 خاڵ لەسەدا دابەزیوە، ئەوەش تا ڕادەیەکی زۆر سودی بۆ بەرهەمهێنەرانی شیل لە ئەمریکای باکور هەبوە، کە پشکەکانیان بە ڕێژەی 9 خاڵ زیادیکردوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە