بەپەلە.. لیژنەی ئەمنی داوایەک ئاراستەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەکات

5   کاتژمێر پێش ئێستا  250 جار خوێنراوەتەوە

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە لەبارەی ماتۆرسکیل و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاوە چەند بڕیارێکی دەکرد. ئەفسەرێکی ‌هێزە ئەمنییەکان دەڵێت، هەر ئۆتۆمبێلێک تۆمار نەکرێت دەستی بەسەردا دەگرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025 لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی لە پارێزگای هەڵەبجە، ئاڵوگۆڕی سەرنج و پێشنیازەكان؛ لەبەر بەرژەوەندی گشتی، سکاڵا و داواکاری زۆری هاووڵاتیاین، چەند بڕیارێک پەسەند کران".
 
دەقی بڕیارەکان ئەمانەن:
 
یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لە سەرجەم لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.
 
دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تاوەکو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.
 
سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام رەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان رەشە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
 
چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری گەیاندن دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
 
پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیل رێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە نێو سەنتەری شار، شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.
 
شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەینەوە، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.
 
لەبارەی بڕیارەکانەوە، ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکان لە هەڵەبجە بە ٧ڕۆژی وت: "ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانەی تۆمار نەکراون و لەماوەی هەفەتەی داهاتوو تۆمار نەکرێن، لە هەرجێگەیەک ببیندرێن دەستبەسەریاندا دەگیرێت".
 
ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوەی لە خاڵی پێنجەم باسکراوە، بۆ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانەشە کە ناسێندراونه".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە