بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لە ملیۆنێک تۆن کەمتر دەبێت

7   کاتژمێر پێش ئێستا  112 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، گەنم و جۆی نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم زەوی کە پشتی بە باران بەستبوو، لەنێوچووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لە ملیۆنێک تۆن کەمتر دەبێ."
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند: "کەمبارانی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی گەنم و جۆ هەبووە. ساڵانە نزیکەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە بەرهەمی زستانە دەچێندرێت؛ نزیکەی دوو ملیۆن دۆنمی پشت بە ئاوی باران دەبەستێ. ئەم ساڵ نیوەی جووتیاران بەرهەمیان لەو دوو ملیۆن دۆنمەدا نەچاند، ئەوانەشی کە چاندیان، بەشی زۆری بەرهەمەکەیان لەنێوچوو، وەک جووتیارانی دەشتی هەولێر، دەشتی شێخان، بەشێکی پارێزگای سلێمانی، سێمێل، بەشێکی ناوچەی گەرمیان و رانیە."
  
حکومەتی عێراق ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن گەنمی وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە کە بە نرخی فەرمی وەریبگرێت. هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان نووسراویان بۆ حکومەتی عێراق کردووە کە بڕەکە زیاد بکەن و هاوشێوەی جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەموو گەنمەکە وەربگیرێت.
 
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وتی: "لیژنەی باڵای هەماهەنگی بەردەوام لە رێگەی نووسراو و پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ عێراق لەسەر هێڵە بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر لە بەغداوە نییە و بە فەرمی وەڵامیان نەداوینەتەوە."
 
هیوا عەلی ئاماژەی بەوەشکرد: "بەرهەمی عێراق چوار ملیۆن و نیو تۆنە، نزیکەی دوو ملیۆن و نیو تۆنی بەرهەمی گەنمی خۆیان وەرگرتووە و بەردەوامیشن. تاوەکو بەرهەمی خۆیان هەبێت بڕی هەرێمی کوردستان زیاد ناکەن."

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "10ـی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات."
 
پار 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە