مەسرور بارزانی: بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بە“هەژماری من”سەرسام بوو

5   کاتژمێر پێش ئێستا  84 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، گفتوگۆیان لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی کرد، هاوکات بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پرۆژەی 'هەژماری من' نیشاندا.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ برادلی سمیس، بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی کرا.

هاوکات بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پرۆژەی 'هەژماری من' نیشاندا و هەموو پشتیوانییەکی وەزارەتەکەی بۆ پڕۆژەکە و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی: پێزانینێکی زۆرمان بۆ هەوڵ و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکوومەت لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بواری داراییدا هەیە و ئەو چاکسازییانە دەکرێ ببنە نموونە بۆ وڵاتانی تریش.

لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکای کرد، لە چاکسازییەکان و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە چاکسازییە داراییەکان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپاتکردەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە