ئەردۆغان: براکوردەکانمان براوەی ئەم پرۆسەیەن

6   کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی حکومەتەکەی باسی لە پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە کرد و هەنگاوەکەی بە "قازانج" بۆ تورک و کورد وەسفکرد.

ئەردۆغان رایگەیاند، حکومەت بە شکاندنی پێشبینییە نەرێنییەکان و فیتنەکان بەردەوام دەبێت لە رێگەکەی و وتی: "ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بە ئامانجی بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆییمان ئەمڕۆ قۆناخێکی دیکەی گرنگمان لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بڕی. رێکخراوی تیرۆریستی  بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی راگەیاند. بڕیارەکە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئارامیی ناوچەکەمان و بەهێزکردنی برایەتیی هەمیشەیی گەلەکەمان بە گرنگ دەزانین".
 
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی گشتگیریی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی: "ئەم بڕیارە بە جۆرێک هەڵدەسەنگێنین کە تەواوی باڵەکانی رێکخراوەکە لە باکووری عێراق، سووریا و ئەورووپاش دەگرێتەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە کە مشەخۆرانی سەر خوێن و فرمێسک دۆڕاندوویانە و ئەوانەش کە براوەن، گەلانی تورکیا و براکانی لە ناوچەکەن. گوتیشی: "رێکخستنەکانی هەواڵگریمان و یەکینەکانی ئاسایشمان، بۆ بردنە سەری بەڵێنەکان، لەمەودوا زۆر هەستیارانەتر چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. ئێمەش وەکو دەوڵەت بە وردی چاودێریی پێویستی پرۆسەکە دەکەین".
 
ئەردۆغان راشیگەیاند: "هەرچەندە نەژادمان، کولتوور و باوەڕمان جیاوازیش بێت، هەموومان هاووڵاتیی نمرەیەکی کۆماری تورکیاین. هەموومان بەیەکەوە تورکیاین و بەیەکەوەش بەهێزین".
 
ئەردۆغان هەروەها جەختیکردەوە کە ئەگەر یەکبگرن، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت تورکیا ببەزێنێت. 
 
هاوکات پێداگریی حکومەتەکەی بۆ چارەسەرکردنی شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە نیشاندا و وتی: "سوپاسی سەرۆکی پارتەکان و لەسەرووی هەموویانەوە هاوبەشی هاوپەیمانییەکەمان؛ بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دەکەم کە لە یەکەم رۆژی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرەوە دڵسۆزانە خاوەنداریەتیی پرۆسەکەی کردووە. هەروەها پارتە سیاسییەکان، میدیاکاران و هەموو ئەوانە دەکەم کە رەنجیان کێشاوە،  بەناوەی خۆم و گەلەکەمەوە سوپاسیان دەکەم".
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا: "بە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، ئیدی جەرگسووتانی رۆژانەی خەڵک دەبێتە رابردوو. پەنا بەخوا چیدی رووبەڕووی بیستنی ئەو هەواڵانە نابین کە بەهۆی تیرۆرەوە جەرگی هاوژین، دایک و رۆڵە کڵپە دەدات و دەسووتێت. یەکێک لە گەورەترین براوەی بڕیارەکەی ئەمڕۆ، کەس و کاری شەهیدانمانن، هەروەها زیانبەرکەوتووانی سەنگەر، هێزەکانی ئاسایش و دایکانی دیاربەکر و رۆڵەکانیانن. تەنیا ئەم راستییانە بەسن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن ئەو کۆششە و ئەم قۆناخەی ئێستا پرۆسەکە پێیگەیشتووە لەڕووی مرۆیی و مێژووییەوە چەندە گرنگە".
 
ئەردۆغان هەروەها لەبارەی کورد بە گشتی و کەسوکاری گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وتی: "بە هەمانشێوە لایەنێکی دیکەی براوەی پرۆسەکە برا کوردەکانمانن کە ساڵانێکە بەهۆی تیرۆرەوە رۆڵەکانیان لەدەستداوە، رووبەڕووی چەندین کێشەی مادی و مەعنەوی بوونەتەوە و لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون".
 
ئەردۆغان جەختی لەسەر برایەتی و چارەنووسی هاوبەش کردەوە و هیوای خواست، تەواوی 86 ملیۆن خەڵکی تورکیا بە شێوەیەکی هاوهیوا و هاوڕێیانە لە رێگەکە بەردەوام بن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە