سووریا لە بارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدە هۆشداری دەدات
5 کاتژمێر پێش ئێستا
37 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی سووریا هۆشداری دەدات لەوەی کە دواخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هەسەدە دەبێتە هۆی "درێژکردنەوەی پشێوی" لە وڵاتدا.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە وتی، سووریا "رێککەوتنی نیشتمانی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات جێبەجێ دەکات و هەموو ئەو ناوچانە دەخاتە ژێر کۆنتڕۆلی دەوڵەتی ناوەندی."
وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵیت: "ئەم پرۆسەیە ئاڵۆز و هەستیارە، بەڵام پێویستە"، هەروەها پێیوایە "دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە پشێوی درێژتر دەکاتەوە، دەرگا بۆ دەستوەردانی بیانی دەکاتەوە و ئاگری ئارەزووە جیاییخوازەکان خۆش دەکات".
وتیشی، "ئامانجمان زاڵبوون نییە، بەڵکو یەکگرتنە. ئێمە حەزدەکەین رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و بەهیواین کە لایەنەکەی دیکەش بە جیددی پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بێت."
وەزیری دەرەوەی سووریا هۆشداری دا، کە "یەکپارچەیی خاکی سووریا جێگەی گفتوگۆ نییە، چونکە سووریا دەوڵەتێکی یەکگرتووی دابەشنەکراوە و خاوەنی سەروەری خۆیەتی و هەر بەمشێوەیەش دەمێنێتەوە."
لەبارەی مافەکانی کوردیش وتی، "مافەکانی هاووڵاتییانی کوردیش بەشێوەیەکی یەکسان وەکو هەموو خەڵکی سووریا، دەپارێزرێت و گەرێنتی دەکرێت."
رۆژی 10ی ئاداری 2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
|