سێ سەرنج و لێكدانەوە لەسەر دۆخی ئێستا
د. یاسین تەها
06/07/2025
581 جار خوێنراوەتەوە
بژاردەی بەردەست و ئەگەری ڕێتێچوو ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدایە لەسەر مووچە، لانیكەم بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. بژاردەی دووەمیش ڕاكێشانی كارتی كشانەوەی بەغدایە كە لانیكەم هەولێر نیەتی جددی لێهێناوە.
كشانەوە لە پرۆسەكە بۆ هەردوولا قەیران و ڕیسكە، دەربارەی هەرێم گەڕی دیكەی سكگوشینی پێویستە و ئەمەش بۆ خەڵك سەختە، بۆ عێراقیش لە بوارەكانی هەڵبژاردن و باڵانس و پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی عێراق كێشەیە، ئەمەش وادەكات لانیكەم ئەگەرێكی قورس بێت.
هەمووكات مەترسی هێرشی گرووپی چەكدار لە عێراقەوە بۆ سەر هەرێم لە ئەگەرە دوورەكاندا هەر هەیە و بەهەندێكیان بێت ئەمڕۆ ڕوودەدات پێش سبەی، بەڵام لە ئێستادا كە هێشتا ئاگربەستی ئیسرائیل_ ئێران دەڵەمەیە و ئەمەریكا چاوی لەسەر عێراقە و سەربازگەكانی حەشدیش چۆڵكراون لە ترسی بە ئامانجگرتن، ئەو ئەگەرە لەگەڵ پێشهات و نەخشەی هێز و كەشی ناوچەیی و جیهانیدا دژ و ناتەبایە و قەبەكردنی نالۆژیكییە مەگەر هەندێك جموجوڵی ناوچەی تەماس كە لە سەردەمی زێڕینی هەرێمیشدا هەر هەبووە، نەك ئەم داتەپینەی ئێستا (فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لە 2012 بەنموونە).
عێراق هیچ حاڵی لە هەرێم باشتر نییە، ئەگەر خراپتر نەبێت و ئەوە چیرۆكێكی درێژە. بەڵام لە سایەی نادادی دابەشكردنی داهات و جیاوازی زۆری ئاستی خەڵك و توێژاڵێكی سوودمەند لە كوردستان گرەو لەسەر پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنی زیاتری خەڵك نامسۆگەر و مەترسیدارە.
زۆر ئەستەمە لەم دۆخەدا باری خەڵك قورستر بكرێت و ئەگەر ڕێككەوتن هەندێك سازیشی تێدابێت هەر قازانجە. لە كاتێكدا بەغدا هەر نەوت دەفرۆشێت و هەرێمیش هەر نەوت ئیدی بازاڕكردن بۆ ئەوەی ئەوان ستەمكارن و بودجەی هەرێم نادەن و ستەمكارن كارێكی زۆر زۆر قورسە، ئەگەر لە مەحاڵەوە نزیكتر نەبێت.
|
هەموو وتارەکانی
د. یاسین تەها