نەمانی سیاسەتی نەختی لە هەرێمى کوردستان و عێراق

د.موفید محمد نوورى 11/06/2025   1193 جار خوێنراوەتەوە

یەکێک لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی سکاڵاو ناڕەزایەتى گشتی لە هەرێمی کوردستان، پەیوەستە بەو سووڕە سیاسییە دووبارەیەی کە هەر چوار ساڵ جارێک، لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکاندا، گۆڕەپانەکە پڕ دەکات لە بەڵێنی گەورە، بەڵام دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن، زۆربەیان بەخێرایی بەهەڵم دەبن. ئەم ناکۆکییەى لە نێوان وتار و کرداردا هەیە، بە ڕوونترین شێوە لە پرۆسەى گەشەپێداندا ڕەنگ دەداتەوە.

هەر جارێک کە ئەگەڕێمەوە بۆ شارەکەم دەبینم کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە مۆدێرنەکان و ڤێلا گرانبەهاکان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر تەواو دەکرێن، لەکاتێکدا پڕۆژە ژێرخانییە گرنگەکانی کەرتی گشتی کاتێکى زۆر دەخایەنێت، وەک "نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی" کە تەواوکردنى دە ساڵ زیاترى خایاندووە، هەروەها "دروستکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری" کە نزیکەى ١٢ ساڵى خایاندووە ئێستاش کارى ماوە،  یان "فڕۆکەخانەی دهۆک" کە چەندین جار بودجەی بۆ تەرخانکراوە و هێشتا گومانی گەندەڵیی لەسەرە، کە ئەمانە بوونەتە هێمای دواکەوتنی کارگێڕی و لاوازیی جێبەجێکردن. ئەم جیاوازییە ڕوونە، ئاماژەیە بۆ مۆدێلێکی حوکمڕانی کە تێیدا بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتگوزاریی درێژخایەن، پلە دووە بە بەراورد بە قازانجی سیاسیی کورتخایەن و بەرژەوەندییە تایبەتەکان. لەم هاوکێشەیەدا، هاووڵاتیان ناچارن ئازارێکی درێژخایەن بچێژن لەپێناو بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، کە لە سەرووی هەموویانەوە مووچەکەیانە.

 ئەم دۆخە، مرۆڤ دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە لە فەلسەفەی ئابووری و حکومڕانی. لێرەدا، وتە بەناوبانگەکەی جۆن مێنارد کینز، ئابووریناسی گەورە، دێتەوە یادم کە لە ساڵی ١٩٢٣دا گوتی: "لە درێژخایەندا، هەموومان دەمرین." کینز ئەم دەستەواژەیەی بۆ هەلومەرجی ئابووریی ئەو سەردەمەی بەریتانیا ووتوە. لە ژێر شکستی ئابووریدا ئازاری هەبووە. ئەو جەختی لەوە دەکردەوە کە داڕێژەرانی سیاسەت دەبێت چاویان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە دەستبەجێکان بێت، نەک چاوەڕوانییەکی بێ کۆتایی بۆ چارەسەری درێژخایەن. کینز، لەم ڕوانگەیەوە، باوەڕی قووڵی بە دەستێوەردانی چالاکانەی دەوڵەت هەبوو لە ئابووریدا. ئەو پێی وابوو حکومەت، تەنانەت ئەگەر پێویست بە قەرزکردنیش بکات لە بانکە جیهانییەکان، دەبێت پارە بخاتە بازاڕەوە، هەلی کار دروست بکات و سووڕی ئابووری بگەڕێنێتەوە، چونکە چاوەڕوانیی درێژخایەن تەنها قووڵایی ئازارەکان زیاتر دەکات. بەداخەوە، وا دیارە هەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەریی سیاسەتێکدایە کە نەک هەر سوودی لەم دیدگایە وەرنەگرتووە، بەڵکو خۆی لە گێژاوێکی ئابووریدا گیری خواردووە.

ئەرێ با لە خۆمان بپرسین، ئایا لۆژیکییە لە قاڵبی کێکەکەی بودجەی ساڵانەدا، لە سەدا ٧٥ بۆ ٨٠ بۆ مووچەی فەرمانبەران بێت؟ هیچ دەوڵەتێک هەیە لە جیهاندا بتوانێت هەموو داهاتی خۆی بخاتە ناو دەستی سێکتەرێکەوە کە بە "بێ بەرهەمترین سێکتەر" ناسراوە؟ حکومەتی هەرێم و کابینەکانی شکستیان هێناوە لەوەی ڕیفۆرمێکی ڕاستەقینە بکەن، چونکە ئەم دەسەڵاتە ڕیفۆرم هەڵناگرێت.

ئەم دۆخەى ئێستاى هەرێم ڕەگ و ڕیشەی لە سیاسەتێکی ئابووریی شکستخواردوودا داکوتاوە لە ئەنجامى سیاسەتێکى سەرمایەدارى ڕەها. ئەو سیاسەتەی کە هەرێمی کوردستانی خستۆتە ژێر باری قەرزێکی گەورەوە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ١٨ بلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، بێ ئەوەی ستراتیژێکی ڕوون بۆ دانەوەی هەبێت. ئەمە بووەتە هۆی لەدەستدانی متمانەی بازاڕ؛ چونکە وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت گومانیان هەیە لە توانای داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی درێژخایەن لەلایەن هەرێمەوە، هاوکات دڵنیاش نین لە نیەتی حکومەتی فیدراڵی. لە ئەنجامدا، جووڵەی ئابووریی هەرێم تووشی چەقبەستوویی بووە. بۆ نموونە، بەکارهێنانی دۆسیەی نەوت و غاز و ڕێگریکردن لە تێپەڕاندنی، تاکتیکێکە بۆ ئەوەی هەرێم لەم دۆخەدا بهێڵرێتەوە. ئەم مێژووە دوور و درێژەی قەرز و هەڵاوسانی ئابووری، لە کۆتاییدا زەرەرمەندی یەکەمی خەڵکە، بەڵام دواجار مەترسی لەسەر مانەوەی دەسەڵات خۆیشی دروست دەکات. لێرەشدا، مەترسیی قەرزی گشتیی دەوڵەت دێتە کایەوە، کە توانای دابەزاندنی بەهای هەموو شتێکی هەیە. وەک چۆن کاتێک ڕێگانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هاتە سەرکار لە ساڵی 1980، بە حکومەتی ئەمریکای گوت، "ئەوەندە قەرزەکان زۆرن، لەوانەشە نەتوانم بۆ خۆم پارە لە دەوڵەت وەربگرم." ئەوە بوو ڕۆناڵد ڕێگان بوو بە سەرکردە پاڵەوانەکە و قەرزی ئەمریکای کەمکردەوە .

قەیرانی مووچەی ئەم دواییە، کە جارێکی تر گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای هێناوەتەوە بەرباس، بەڵگەیەکی ڕوونی ئەو ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەیە کە هەرێمی گرتۆتەوە و نازانێ چۆن لێى بێتە دەرەوە. حکومەتی هەرێم لە هەوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەکە، لە کاتێکدا وا دیارە بەغدا نیازێکی جدی و ڕوونی نییە بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەگەر سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا بە شێوەیەکی دروست پەیڕەو بکرایە، قەیرانەکان نەدەگەشتنە ئەم ئاستە، بۆنمونە مۆدێلی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی بەریتانیا و هەرێمی سکۆتلەندا کە تێیدا سکۆتلەندا سەربەستیی بەڕێوەبردنی ئابووریی خۆی هەیە و بەریتانیا دەڵێ هەرچیت پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری، خۆت ئەنجامى بدە. و لە کاتی پێویستیشدا پشتیوانیی دارایی وەردەگرێت. بەڵام لە عێراقدا، دۆخەکە پێچەوانەیە: ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و سنووردارکردنی بازرگانیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و دواخستنی مووچە، وەک کارتی فشار بەکاردەهێنرێن.

بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی ئەم قەیرانە، دەبێت ئاوڕێک لە سیاسەتە ئابوورییەکانی عێراقی دوای ٢٠٠٣ بدەینەوە، کاتێک پۆڵ بریمەر سیاسەتی عێراقی گرتە دەست و عێراقیان سەرتاپا داگیرکرد، یەکێک لە سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەوان سیاسەتی فیسکاڵ بوو. لەژێر ڕۆشنای ئەم سیاسەتەدا  پلانێکی نوێی بۆ ئابووریی عێراق دانا کە بریتیبوو لەوەی حکومەت پارە خەرج بکات بۆ دروستکردنەوەی سوپا و خزمەتگوزارییەکان، و لە هەمان کاتدا باج لە خەڵک وەربگرێت. بەڵام گرنگترین شت ئەوە بوو کە پارەکەی عێراق، بەتایبەتی داهاتی نەوت، نەخرایە دەستی عێراقییەکانەوە، بەڵکو هەمووی لە سندوقێکی تایبەتدا لە بانکێکی ئەمریکادا دادەنرا.و تێیدا سامانی عێراق و پاشەکەوتەکانی لە بانکە ئەمریکییەکاندا کۆکرایەوە. ئەگەرچی ئەو سیاسەتانە لەسەر بنەمای مۆدێلی وڵاتانی سەرمایەدارییە گەورەکان بوو، بەڵام جێبەجێکردنیان لە عێراقدا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە ناوخۆییەکان، بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا کە ئەمڕۆ عێراق پێوەی دەناڵێنێت.

لە کۆتاییدا، دەرچوون لەم گێژاوە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینەیە بۆ چاکسازیی ڕیشەیی و شەفافیەتێکی تەواو. چارەسەر لەوەدایە کە ئەو سەروەت و سامانەی لە دەرەوەی سووڕی ئابووریی فەرمیدا کۆکراوەتەوە، بگەڕێنرێتەوە ناو بازاڕ و بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و چارەسەرکردنی قەیرانەکان بەکاربهێنرێت. هەرێمی کوردستان خاوەنی سامانێکی سروشتیی زۆر و پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژییە کە ناوەندێکی بازرگانیی گرنگە لە نێوان ئێران، تورکیا، سوریا و لوبنان. بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، هەرێم دەکەوێتە سەر ڕێڕەوێکی مەترسیدار. سیناریۆیەکى ترسناک بەڕێوەیە تەنها ئەوەنیە کە قەیرانەکان قووڵتر ببنەوە، بەڵکو ئەوەیە کە متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات بە تەواوی لەناو بچێت. ئەو کات، هەرێمی کوردستان نەک تەنها لەبەردەم کێشەی ئابووریدا دەبێت، بەڵکو مەترسیی لەدەستدانی هەموو ئەو دەستکەوتانەی لەسەر دێت کە بە دەیان ساڵ خەبات بەدەست هاتوون.

هەموو وتارەکانی د.موفید محمد نوورى