دادگای باڵای فیدڕاڵی لەنێوان گەردەلولی بانگەشە و هیوای خەڵکی ستەملێکراو

د. سانا کەمال 03/06/2025   292 جار خوێنراوەتەوە

لە ساڵانی ڕابردودا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەیە، لە دەزگایەکی سەربەخۆی لێکدانەوەی دەستور و دادگایی کردنی ناکۆکی یاسایی، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵدەدرێت کە ئەم دادگایە بگۆڕدرێ بۆ گۆڕەپانێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، بەتایبەتی لەلایەن بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە کوردیەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

بەجۆرێک لەگەڵ نزیکبونەوەی هەر خولێکی هەڵبژاردن، پارتەکانی کوردستان ( چ لە سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، یان دهۆک) دەست دەکەن بە بەکارهێنانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک بەڵگەی شەرعیەتی خۆیان یان وەک چەکێکی سیاسی دژی نەیارەکانیان. بۆ نموونە ئەگەر دادگا بڕیارێک دەربکات کە پێگەی لایەنێکی دیاریکراو بەهێزتر بکات، ئەوا وەک "سەرکەوتنی سیاسی" دەخرێتە بازاڕەوە نەک تەنها بڕیارێکی دادوەری. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بڕیارەکە نالەبار بێت، نەیاران دەیقۆزنەوە بۆ ئەوەی لایەنی زیانلێکەوتوو وەک لاواز یان لایەنێکی بێ شەرعیەت پیشان بدەن.

کێشەکە لێرەدا هەر لە ئیستغلال کردنی ئەو بڕیارانە نیە لەلایەن لایەنەکانەوە، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە هەندێ لایەن وحزب و کەسایەتی وهتد، بریارەکانی ئەم دادگایە وەک ئامرازێک بەکار دەهێنن بۆ یاریکردن بە هەست وسۆزی میلەتی ستەم لێکراو، بە جۆرێک کە گەمەی هەڵبژاردن گێشتوتە ئاستێک کە رۆژانە داوا پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵی دەکرێت، بەڵام زۆربەی زۆری ئەو داوایانە ڕەد دەبنەوە ( واتە ئەنجامەکەی دۆراندنە)، ڕەد بونەوەی داوا زۆر ئاساییە، چونکە پارێزەرێک نیە لە هەموو عێراقدا داوای نەبوبێت کە ڕەد بوبێتەوە، بەڵام نا سروشتیە کە کاتێک دەردەکەوێت هۆکاری ئەو ڕەدە یەکێ لەم دوو هۆکارەی لای خوارەوەیە: 

یەکەم: لاوازی پارێزەر یاخود تیمی پارێزەرەکان کە ئیش لە داواکەدا دەکەن. 

دووەم: چاو چنۆکی کەسی سکاڵاکار، لەگەڵ ئەوەی ئەزانێ داواکە نە یاساییە و نەهیچ سودێکی هەیە، بەڵام هەر بەکاری دەهێنێت وەک ئامرازێک بۆ یاریکردن بە هەست و سۆزی خەڵک.

ئەگەر لایەنێک سکاڵای یاسایی تۆمار بکات تەنها بۆ ئەوەی ئەو بڕوایە دروست بکات کە بەرگری لە خەڵک دەکات (لەگەڵ ئەوەی سور دەزانێت کە داواکەی ڕەد دەکرێتەوە)، ئەمە دەچێتە چوارچیوەی بە فریودانی سیاسی و ئەخلاقی، بەڵام بە تاوان ئەژمار ناکرێت لەروی یاساییەوە، چونکە یاساکان گرنگی بە کردەوەی ڕاستەوخۆ دەدەن: وەک بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، ساختەکردنی بەڵگەنامە، کڕینی دەنگ، ناشرینکردنی ڕکابەرەکان، خراپ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەوڵەت، هاندانی تائیفەگەری و هتد.

سەبارەت بە نیاز یان فێڵە سیاسیە زیرەکەکانی حزبەکان (ئەگەر چەواشەکارانەش بێت و دادگا وەک ئامرازێک بەکاربێت بۆ دورینی بەرگی شەرعیەت بۆ ئەو چەواشەکارییە)، سەلماندنی یان تاوانبارکردنی کەسی چەواشەکار بە شێوەیەکی یاسایی قورسە ( بەو پێیەی لەکاتی ئیستا یاسایەکمان نییە ئەم بابەتە رێک بخات لە عێراق)، هەربۆیە ئەم چەواشەکاریانە دەکەونە ناو چوارچێوەی ئازادی پڕوپاگەندە و قسەی سیاسی، وە نەبونی پاڵپشتی یاسایی ڕێگا بۆ چەواشەکاران خۆشتر دەکات لەگەڵ نەبونی هۆشیاری گشتی یان میکانیزمی چاودێری بەهێز  بۆ ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لەو کەسانە یاخود ئەو لایەنانەی کە خەڵک بەلاڕێدا دەبەن.

بۆیە ئەم بابەتە پیویستیەک دەهێنیتە ناو دنیای یاسا ئەویش پیویستی هەموارکردنەوەی یاسا تایبەتمەندەکانە بۆ:(قەدەغەکردنی ئیستغلالکردنی داوای یاسایی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن)، کە دەکرێت لەناو ئەم هەموارە یاساییەدا ئاماژە بدرێت بەوەی هەر پارتێکی سیاسی، کاندیدێک، یان قەوارەیەکی هەڵبژاردن قەدەغەیە کە داوای یاسایی لەبەردەم دادگاکان بەکاربهێنێت، ئەگەر هاتوو پێشوەختە بزانێت کە ( جددی نییە یان مەرجە یاساییەکان بەدی ناهێنێت)، وە ئامانج لێى تەنها ئامرازێک بێت بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن یان دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران.

وە دەکرێت ئەم کردارانەی لای خوارەوە بە پێشێڵکردنی یاسایی ئەژماربکرێت:

یەکەم: تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی بە مەبەستی بەدەستهێنانی هاوسۆزی گشتی یان فریودانی خەڵک بە بەهانەی بەرگریکردن لە بەرژەوەندیە گشتیەکانیان، لە کاتێکدا ئەگەر هاتوو هیچ بنەمایەکی یاسایی جددی بۆ ئەو جۆرە داوایانە بونی نەبوو وە ڕەد بونەوەی مسۆگەر بوو.

دووەم: لە ڕێگەی ڕاگەیاندن یان بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بانگەشە بکرێت بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی، لەگەڵ ئەوەی پیشوەختە زانیاری هەیە کە لە بەر فۆرم یان جەوهەر داواکە ڕەد دەکرێتەوە، بە هۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی تۆمارکردنی داوا یاخود دەرچونی بریار لەسەر هەمان بابەت لەکاتەکانی پێش تۆمارکردنی داواکە، وهتد. 

وە ئەو رێگایانەی کە دەکرێت پشتی پێببەسترێت بۆ سەلماندنی چەواشەکاری ئەو کەسایەتیە یاخود لایانە خۆی لەم خاڵانەی لای خوارەوە دەبینێتەوە:

یەکەم: بەڵگەی نووسراو:

پەیامە ناوخۆییەکانی نێوان سەرکردەکانی حزب (ئیمەیڵ، نامەی واتسئەپ، تۆمارکردن) کە تێیدا وا دەردەکەوێت کە دەڵێن، بۆ نموونە: "قەینا با دەرئەجامیشی نەبێت، بە خێرایی سکاڵاکە تۆمار بکە تا خەڵک بزانن ئێمە بەرگرییان لێدەکەین".

دووەم: مێژوی تۆمارەکانی داوای یاسایی ئەو کەس ولایانانە :

بۆ نمونە ئەگەر لایەنەکە مێژوی دوبارەبونەوەی سکاڵای یاسایی بە هەمان فۆرمات لە دژی هەمان لایەن یان بابەت هەبێت، کە هەمویان بەهۆی نادروستی فەرمی یان یاسایی ڕەد بۆتەوە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر چەواشەکاری و نەبونی نیاز پاکی، بە جۆرێک ئەگەر داواکاریەکە پڕبوو لە هەڵەی جددی یان پێشێلکردنی بڕگە یاساییە بنەڕەتیەکان بێت کە پارێزەرێکی پیشەیی ناتوانێت پشتگوێی بخات، ئەوە ڕەنگە ئەمە بە بەڵگەی داواکاریەکی ساختە هەژمار بکرێت.

سێیەم:  ڕیکلامی چەواشەکارانە لە یەک کاتدا لەگەڵ تۆمارکردنی داواکە:

ئەگەر تۆمارکردنی داواکاریەکە هاوکات بێت لەگەڵ هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەی چڕ کە پەرە بە سەرکەوتنێکی نەبوو دەدات یان ئیدیعای سەرکەوتن دەکات لە شەڕێکی یاساییدا کە هێشتا ڕووی نەداوە.
 
لە کۆتایدا دەڵێن چارەسەری راستەقینەی ئەم کێشەیە بە پەیرەوکردنی ئەم چەند خاڵەی لای خوارەوە دەکرێت:

یەکەم: پەیرەوکردنی چاودێری بەهێزی کۆمەڵایەتی و میدیایی بۆ ئاشکراکردنی ئەم تاکتیکانە .

دووەم: گەشە سەندنی کولتوری هۆشیاری سیاسی لای جەماوەر بۆ جیاکردنەوەی قسە و قسەڵۆکی ڕاستەقینە و فریودانی هەڵبژاردن یان بانگەشەی کەسی.

سێیەم: بونی یاسایەک (وەک ئەوەی لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیدا هەیە) کە ئیستغلالکردنی دامەزراوە دادوەرییەکان بۆ مەبەستی هەڵبژاردن قەدەغە بکات.