بانگەوازێک بۆ پاراستنی میدیای هەورامان
ئەمین حاجی زەڵمی
22/11/2026
184 جار خوێنراوەتەوە
کەمتەرخەمییەک کە دەنگ و ڕەنگی هەورامان دەخاتە بەردەم مەترسی؛ بانگەوازێک بۆ پاراستنی میدیای هەورامان
میدیا لە هەر کۆمەڵگایەکدا تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو ئاوێنەی کۆمەڵگا، پارێزەری ناسنامە و سەکۆیەکە بۆ زیندوو هێشتنەوەی کولتوور و زمان و چالاکییەکانی. کاتێک باس لە هەورامان دەکەین، باس لە ناوچەیەک دەکەین کە خاوەنی مێژوو، فەرهەنگ و تایبەتمەندیی خۆیەتی، بەڵام بەداخەوە لە ڕووی پشتگیریی میدیاییەوە، بەردەوام لەژێر سێبەری کەمتەرخەمی و بێباکیدا بووە، بەتایبەت لەلایەن ئەو هەورامییانەی کە توانای مادی و دەسەڵاتیان هەیە؛ چ سەرمایەدار و خاوەن کارە ئازادەکان بن، چ لەناو پارتە سیاسییەکانی هەرێم و پلە حکومییەکاندا جێگەیان گرتووە.
مێژوویەک لە بێباکی و پەراوێزخستن
ئەم کەمتەرخەمییە تازە نییە و لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا بە ڕوونی دەرکەوتووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٣دا، تەلەفزیۆنێکی لۆکاڵی بەناوی "ژیوا" هەبوو کە هەوڵێکی بەرچاو بوو بۆ خزمەتکردنی هەورامان، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی مادی و پشتگوێخستنی ئەوانەی دەتوانن هاوکار بن، داخرا و ئەو دەنگەش کپ کرایەوە.
دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تا ئێستا، "هەورامان نیوز" وەک پڕبینەرترین دیجیتاڵ میدیای هەورامان بەردەوامە لە کارکردن و، جیا لە پلاتفۆڕمەکانی، کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لۆکاڵی هەورامانیش بوونی هەیە. سەرەڕای ئەوەی ئەم میدیایە بەبێ جیاوازی تەواوی چالاکییە هەورامی و هەورامانییەکانی بڵاو کردووەتەوە و وەک گەورەترین پەیج و پڕبینەرترین سۆشیال میدیا درێژەی بە ڕێگاکەی داوە، کەچی هیچکام لە خواپێداو و بەرپرسە هەورامییەکان نەیانتوانیوە و نەیانویستووە ببنە پاڵپشت و هاوکاری ڕاستەقینەی ئەم دیجیتاڵ میدیا یان ئەو تەلەفزیۆنە.
دزینی فیکر و لەباربردنی هیواکان
ستافی هەورامان نیوز لەپێناو دروستکردنی چەترێک بۆ پشتگیریی میدیا هەورامییەکان، هەنگاوی بەرەو دروستکردنی "ئەنجومەنی هەورامان" نا. بەڵام جێگەی داخێکی گەورەیە کە فیکرەکەمان دزرا و لەلایەن چەند کەسێکی پاوانخوازی هەورامی لەناو پارتە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستانەوە، ئەنجومەنەکە بە هەلاکەت برا. لە یەکەم هەنگاویشدا ئێمەیان پەراوێز خست و وردە وردە ئەو هیوایەشیان لەباربرد کە دەیتوانی ببێتە هۆی یەکخستن و پاراستنی دەنگی میدیایی هەورامان.
بەڵێنی بێ کردار و تۆمەتی ناڕەوا
لەناو هەموو هەورامییەکاندا، تەنها کەسایەتییەک کە بە کردار دەرکی بە ماندووبوونمان کرد و لە خەمخۆریمان تێگەیشت، بەڕێز حاجی تاهیری سەرگەت بوو؛ کە دوو ساڵ پێش ئێستا مۆبایلێکی بۆ ئەم دیجیتاڵ میدیایە کردە دیاری و چەند جارێکیش هاوکاریی مادیی کردووین. سوپاس و پێزانینمان بۆ هەڵوێستە خەمخۆرانەکەی.
بەڵام بەداخەوە، زۆربەی سەرمایەدار، بەرپرسە سیاسی، حیزبی و حکومییەکان، بێجگە لە بەڵێنی بێ کردار هیچی تریان پێشکەش نەکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر هەر یەکێکیان بە هاوکارییەکی کەمیش بێت بە شێوەی مانگانە پشتگیری بکات، ئەم میدیایەی هەورامان دەتوانێت خزمەتێکی زۆر گەورە بکات و وەک دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی هەورامان بمێنێتەوە.
زیاتر لەوەش، هاوکات لەگەڵ نەبوونی هاوکاری، هەمیشە تۆمەتی ناڕەوا خراوەتە پاڵمان گوایە لە بەرژەوەندی ئەملا و ئەولا کار دەکەین؛ ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرێک لەوانەی ئەو قسانە دەکەن، خۆیان شاهیدی بێلایەنی و پیشەییبوونی میدیای هەورامانن.
بانگەواز بۆ کۆبوونەوەیەکی گشتگیر
لەبەر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخە هەستیارەدا، دەمانەوێت هەنگاوێک هەڵبگرین بەرەو سازکردنی کۆبوونەوەیەکی گشتگیری هەورامییەکان بەبێ جیاوازی. ئامانج لەم کۆبوونەوەیە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەسەر ئەوەی کە چۆن بە هەموومان بتوانین ئەم میدیا تاقانەیەی هەورامان لە مەترسیی داخستن بپارێزین و نەهێڵین دەنگێکی تر لەم ناوچەیە کپ بکرێت.
پاراستنی ئەم میدیایە تەنها ئەرکی ستافێک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و ناوچەییە لەسەر شانی هەموو ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی هەورامان دەزانن.
|
هەموو وتارەکانی
ئەمین حاجی زەڵمی