ئاشتی لە ڕۆژاڤا لە گرەوی چیدایە !

د.موفید محمد نوورى 29/08/2026   195 جار خوێنراوەتەوە

ئەگەر ئاوڕێک لە ئەزموونی ئاشتیی نێوان حکومەتی پریتۆریا و کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا (ANC) لە باشووری ئەفریقا بدەینەوە؛ سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە دوای ٢٧ ساڵ لە زیندان و ململانێیەکی درێژخایەن، لەگەڵ حکومەتی ئەو سەردەمەدا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاشتی و گواستنەوە بەرەو دیموکراسی. بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، دۆخی باشووری ئەفریقا بە تەواوی بەرەو باشتر نەچوو؛ گەندەڵی، ڕێژەی بەرزی بێکاری و نایەکسانیی ئابووری لەو وڵاتەدا بەردەوام بوون، تا ئەو ئاستەی نێڵسۆن ماندێلا لە ساڵانی کۆتاییی تەمەنیدا، ڕەخنەی توندی لە حیزبەکەی خۆی (ANC) گرت بەهۆی لادانیان لەو بەها ئەخلاقییانەی کە ساڵانێکی درێژ لە پێناویاندا لە زینداندا مابووەوە. ئەمڕۆ بارودۆخی گەشەی ئابووری لە باشووری ئەفەریقا لە هەموو کاتێک خراپترە و تەنانەت بەراورد بە قۆناغی پێش ئاشتی و پێش گفتوگۆکانی نێوان ماندێلا و ڕژێمی ئەپارتایدیش، دۆخی وڵاتەکە ڕووبەڕووی پاشەکشە بووەتەوە.

لەلایەکی ترەوە، لە ئەزموونی ئێرلەندای باکووردا دوای چەندین دەیە لە شەڕ و ململانێ لەگەڵ بەریتانیا، دواجار لە ١٠ی نیسانی ١٩٩٨ ڕێککەوتنی (هەینیی پیرۆز) واژۆ کرا. لەم ئەزموونەدا، سەرەڕای ئەوەی سەرکردەکانی وەک جێری ئادامز و مارتن ماکگینس لە هەمان کاتدا ڕۆڵی سەرەکییان لە باڵی سەربازی (سوپای کۆماریی ئێرلەندا IRA) و باڵی سیاسی (شین فین)دا دەگێڕا، بەڵام حکومەتی بەریتانیا بە هیچ جۆرێک ڕێگریی لە بەشداریپێکردنیان نەکرد، بەڵکو وەک هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی قبووڵی کردن، تا ئەو ئاستەی دواتر ماکگینس پۆستی باڵای جێگری سەرۆک وەزیرانی لە دەسەڵاتی هاوبەشی ئێرلەندای باکووردا وەرگرت. هەرچەندە ڕێککەوتنی ئاشتی کۆتایی بە توندوتیژییەکان هێنا، بەڵام کاریگەرییەکانی ململانێکان لە کۆمەڵگەکەدا ماونەتەوە؛ بە جۆرێک کە تا ئێستاش دیوارەکانی جیاکەرەوە لەنێوان کۆمەڵگەی کاسۆلیک و پرۆتستانەکاندا هەر ماون و نەڕووخاون، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پڕۆسە ئاشتییەکە زۆر بە هێواشی ئەڕوات، هێشتا بەربەستە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەنێوان هەردوو پێکهاتەکەدا بوونیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە سەرکردە پێشووەکانی (IRA) پێیان وابوو ئەم ڕێککەوتنە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەدی نەهێناوە، چونکە یەکگرتنەوەی تەواوەتیی هەردوو ئێرلەندا نەهاتە دی و دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵکیش بەو شێوەیەی چاوەڕواندەکرا باش نەبوو، بەڵام زۆربەی خەڵک نەیاندەویست بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی شەڕ و ماڵوێرانی.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا  ئەو هەنگاوانەی بەرەو ئاشتی نراون، بەگوێرەی وتەکانی ڕۆژنامەنووسی دێرینی سوری ئیبراهیم حەمیدی (سەرنووسەری گۆڤاری «المجلة» کە زیاتر لە ٢٢ ساڵە لە سوریا و دۆسیەکانی کار دەکات)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەمبەری زەمان لە پێگەی «ئەلمۆنیتەر»، ناوەڕۆک و وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی دەخرێنەڕوو.

سەرەتا مەزڵوم عەبدی خۆی دان بەوەدا دەنێت کە دەبووایە لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ـەوە ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی سوریا واژۆ بکردایە و دەستی بە جێبەجێکردنی بکردایە، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە پرۆسەکە زۆر خاو بوو و بە چالاکی بەڕێوەنەچوو. ئەوەی ئێستا هاتووەتە دی، هەرچەندە ئاستی دەستکەوت و ئاواتەکان کەمترە لەوەی ئەوان خواستیان بوو، بەڵام وەک نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی و سەقامگیری سەیر دەکرێت.

لە پشت ئەم ڕێککەوتنەوە، چەند لایەنێکی ناوچەیی ڕۆڵی گرنگیان هەبوو. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاریگەری بەرچاوی لەسەر مەزڵوم عەبدی و ئاسانکاری وتووێژەکان هەبوو. هەروەها سەردانی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ لای ئۆجەلان بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و پێیڕاگەیاندوون کە ئەو پۆستە وەربگرن.

پاکێجەکانی حکومەتی سوریا و خاڵە سەرەکییەکان:

• مەزڵوم عەبدی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار دەستنیشان کراوە و لە فەرمانە فەرمییەکەدا ناوی ڕاستەقینەی خۆی (مستەفا خەلیل عەبدی) بەکارهاتووە. ناوبراو جارێکی تر بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ناونیشانی سەربازیی «جەنەڕاڵ» بۆ خۆی بەکاربهێنێت و دەبێت تەنها بە (مستەر / بەڕێز) مەزڵوم عەبدی ناوی بهێنرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە چیتر فەرماندەیەکی سەربازیی سەربەخۆ نییە. پێشتر پێشنیاری پۆستی جێگری وەزیری بەرگری بۆ مەزڵوم هەبوو، بەڵام ئەوە نەچووە سەر. چونکە دەیانەوێت دووریان بخەنەوە لە دامەزراندنی حیزبی سەربەخۆ.

• ئیلهام ئەحمەد لە پەرلەمان/ئەنجومەنی گەل و وەزارەتی دەرەوەدا کار دەکات، و گرنگیپێدان و حەزی سەرەکیی ئەو لەوەدایە کە لە دۆسیەی دەستووردا نزیک بێت، بۆ ئەوەی کار لەسەر شێوازی جێگیرکردنی ناوی کورد و مافەکانی لە دەستووری نوێی سوریادا بکات.

•تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە چوار فەیلەق/لیوا تێکەڵ بە سوپای سوریا دەکرێن، و بەشداریکردنی ئەوان زیاتر بۆ ئەوەیە کە سنوورەکانیان پێ توندوتۆڵ و پارێزراو بکرێت.

•یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) لەناو دەزگا ئەمنییەکاندا وەک چەند فەیلەق و یەکەیەکی دژەتیرۆر لە سوریادا بەکاردەهێنرێن.

•زمانی کوردی دەبێتە زمانی نیشتمانی و مافی خوێندنی لە قوتابخانەکان پێدەدرێت، هاوکات نەورۆز وەک پشووی فەرمی دەناسرێت و مافی هاووڵاتیبوون بۆ ئەو کوردانەی پێشتر بێبەش کرابوون دەگەڕێنرێتەوە. مەزڵوم عەبدی لە کۆشکی کۆماری لە دیمەشق وتارەکەی بە هەردوو زمانی کوردی و زمانی عەرەبی خوێندەوە. ئەوەی ئێستا کۆمەڵی ڕۆژنامەنووسان دەیبینن، بەراورد دەکرێت بە سەردەمی حافز ئەسەد کە گۆڕانێکی گەورە لە سوریادا ڕوویدا و بۆ یەکەمین جار کورد توانی جەژنی نەورۆز بکات.

سەبارەت بە دەسەڵاتی خۆسەری نە ئۆتۆنۆمی تەواو ماوەتەوە و نە فیدراڵیزم. دەسەڵاتی ناوخۆیی لە شارەکانی وەک قامیشلۆ و حەسەکە سنووردارتر بووە، و دامەزراوەکان تێکەڵ بە دەوڵەت کراون. ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ یەکخستنەوەی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی شەرع، هەرچەندە کورد مافی کولتووری و سیاسی بەدەست هێناوە. حەمیدی و سەرچاوەکانی تر ئەمە بە «ڕێگای ئاشتی» و سەرکەوتن بۆ دیمەشق وەسف دەکەن، بەڵام داهاتوو هێشتا ناڕوونە.

هەڵوێستی تورکیاش ڕوونە، تورکەکان هەرگیز نەیانویستووە کورد بچووکترین ناسنامەی هەبێت، بەڵام ئەوان لەژێر کاریگەری و گوشاری ئەمریکییەکاندا بوون؛ ئەگەر ئەمریکییەکان کاریگەرییان لەسەر سوریا دانەنابایە، بەهیچ جۆرێک یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ) نەیاندەتوانی بەشداری بکەن. هەروەها تورکەکان ویستوویانە هەسەدە تەنها وەکو تاک تاک (تاکەکەسی) بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵام چوونەناوەوەیان بە شێوەی فەیلەق بۆ تورکیا شتێکی زۆر سەرسوڕهێنەر بوو؛ وەک ئەوە وایە بیهێنیتە بەرچاوی خۆت کە ڕۆژێک پەکەکە بە فەیلەقی سەربازی بچێتە ناو سوپای تورکیاوە!

کێشەی ڕۆژئاوای کوردستان ئاسان نەبوو؛ لەم بەشەی نیشتمان کە پاش چەندین ساڵ لە حوکمی دیکتاتۆریی بەعس و ئەسەد، خەڵکەکەی نەیدەتوانی بە زمانی کوردی بخوێنێت و قسە بکەن، تەنانەت لە ناسنامەی نەتەوەییش بێبەش کرابوو. ئەگەرچی هەموومان هاوڕاین کە یەک ڕۆژ لە ئاشتی بە هەزاران ڕۆژ لە شەڕ ناگۆڕدرێتەوە، بەڵام ئەزموونی تێکۆشانی ئێمەش ڕێڕەوێکی جیاوازی هەبوو. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی و سەردەمی زۆرداریی بەعس، دەبینین ئەگەر ڕژێمی سەدام جۆرێک لە نەرمی مافە ڕەواکانی کورد بنواندایە، بێگومان کورد ئامادەی گفتوگۆ دەبوو؛ بەڵام لەگەڵ سەدامدا هیچ ڕێگەیەک جگە لە بەربەرەکانی و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری نەمابووەوە. من بۆ خۆم باوەڕم وایە کە ئەگەر گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتیی کورد و ڕژێمی سەدام لە ساڵی ١٩٨٤ بەردەوام بووایە و نەگەڕاباینەوە بۆ بژاردەی شەڕ، دەکرا بە کەمترین باج، دەستکەوتی گەورەتر بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکرایە.

ئەمڕۆ بۆ کورد دەرگا و دەرفەتێک ڕەخساوە کە پێویستە بە ئارامی و بە دیدێکی سیاسیی وردەوە لێی بڕوانین. پێویستە هۆشیاریی سیاسیمان بەراورد بە ڕابردوو زۆر زیاتر بێت؛ لە کایەی سیاسیدا دەبێت خاوەنی چەکێکی بەهێزی دیپلۆماسی و سیاسی بین، چەکێک کە تا ئێستا وەک پێویست بەکارمان نەهێناوە.

کەواتە ئەم پرۆسەی ئاشتییە نە سەرکەوتنە نە شکستە بەڵکو ڕێگەیەکی ناوەڕاستە لەنێوان هەردووکیاندا، هەرچەندە هێواش و پڕ لە بەربەست بێت، و تەنانەت ئەگەر لە سەرەتادا هەموو ئەو بەڵێنانەش نەهێنێتە دی کە باس کراون، بەڵام لە ئاسۆدا ڕوونە کە جەماوەر و خەڵکی ماندوو لە شەڕ، هەرگیز نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ بارودۆخی شەڕ و ماڵوێرانی. نابێت خەڵک بە تەمای ئەوەبن کە بە شەو و ڕۆژێک هەموو شتێک لەپڕدا بگۆڕێت و مافەکان بێنەدی؛ چونکە ئەگەر ئێمە لە بەدەستهێنانی مافەکانمان پەلەمان بێت، لایەنی بەرامبەر بە هیچ جۆرێک پەلەی نییە و یاریی سیاسی دەکات. پەلەکردن و هەڵچوونی جەماوەری نابێت ڕێگامان لێ ون بکات.

لەگەڵ ئەمانەشدا مەزڵوم عەبدی وەک سیمبولێکی سەربازی و نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان، پۆستێکی فەرمیی لە دیمەشق قبووڵ کردووە؛ پۆستێک لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرەعدا. ئایا ئەو دەزانێت کە ڕەنگە ئەم پۆستە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەی لە جەماوەرەکەی خۆی؟ ئەم دۆخە هاوشێوەی ئەزموونی مام جەلالە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، کاتێک بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا و ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەرەو ئاقارێکی تر برد. مانەوەی ئیلهام ئەحمەد و بەرپرسانی تریش لە دیمەشق، دەشێت جۆرێک لە درز لە پەیوەندییان لەگەڵ جەماوەری ڕۆژئاوادا دروست بکات؛ چونکە هەندێک هەلومەرجی سیاسی هەن پێویستە ڕۆژانە و لە کاتی خۆیاندا لەگەڵ خەڵک چارەسەر بکرێن، نەک بڕیارەکان هەڵپەسێردراو بمێننەوە. هەرچەندە حوکمدانی خێرا لەسەر بڕیارەکانی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە ڕۆژانی سەرەتادا کارێکی دروست نییە. بەڵام لەگەڵ ئەو وتەیەشدا نیم کە دەڵێت: «ئەگەر ئێوە شتێکی باشترتان پێیە، پێمان بڵێن»؛ بەڕاستی نەدەبوو پرسیاری لەو شێوەیە ڕووبەڕووی خەڵک بکرێتەوە. 

ئەگەر ئێمە لە هەرێمی کوردستان حکومەتێکی تۆکمە و یەکڕیزمان هەبوایە، دەستکەوتی ڕۆژاڤا زۆر زیاتر دەبوو لەوەی کە ئێستا هەیە. لەم بارودۆخەی ئێستادا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پشکۆی ئاگرە و مەترسییە گەورەکان هەڕەشە لە هەمووان دەکەن، نەبوونی یەکڕیزی لە هەموو کاتێک زیاتر زیانمان پێدەگەیەنێت. خەمی گەورەی هەموومان ئەوەیە کە تەبا نین، و ئەم پەرتەوازەییە لەم قۆناغە هەستیارەدا بووەتە گەورەترین خاڵی لاوازیمان؛ لە کاتێکدا سەردەمەکە سەردەمی پشوودرێژیی دیپلۆماسی و یەکڕیزیی ناوخۆیییە نەک هەڵچوون و بێئومێدی.