دوو زەردێنە
کاروان ئەنوەر
27/07/2026
148 جار خوێنراوەتەوە
کاک عوسمانێک دراوسێمان بوو، هیچ کار و کەسابەتێکی نەدەکرد، کەچی هەمیشە پارەی پێبوو، زۆر باش دەژیا، خۆش دەیخوارد، شیکپۆش بوو، قاتی مارکەی لەبەردەکرد، عاشقی جەستەی خۆی بوو.. جلی ئوتوکراو و بۆنی گرانبەهاو تیۆری تایبەتی خۆی هەبوو بۆ ژیان:«بەس بژی و خۆش بژی» مافم بەسەر تیۆرەکەیەوە نیە، ژیانی تایبەتی خۆی بوو، خۆی هەڵیبژاردبوو.
بەڵام مەبەستمە بزانم سەرچاوەی داهاتی ئەم پیاوە چیبو؟ کەس نەیدەزانی بە چی دەژی، لە کوێوە بۆیدێت چۆن خەرجی دەکات؟.
هەمیشە گیرفانی پڕبوو لە پارە!! بۆنی خۆش و قنجوقیت بوو، منیش مەراقم کردبوو، لەکاتی گرانیی و ئابڵۆقەکانی سەر کوردستان و سلێمانی، سێ چوار جۆر ئیشم دەکرد، کەچی هەر پارەشم پێنەبوو. چەترم نەبوو، سەعاتی دەستم نەبوو، بۆن و کۆڵەنیام نەبوو، دەستێک جلی کوردی کەتافیم هەبوو، ساڵانە لای بەرگدروو هەڵمدەگێڕایەوە، ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوانەی نازانن چییە: (رانکوچۆغە کە دیوێکی خۆر دەیبردو ڕەنگی نەدەماو کۆن دەبوو، قاتەکەمان دەبردە لای بەرگدروو، دیوی ناوەوەی دەهێنایە دەرەوە، بەمجۆرە بۆ ساڵێکی تر تازە دەبوویەوە). بە پێ ھاتوچۆم دەکرد، بۆیە بنی پێڵاوەکانم لای پینەدۆز پارچەیەک ئاسنی لێدەدا، دوور لە روتان، پێیان دەوت (ناڵ)، ئەوسا بزماررێژمان دەکرد و تەقوھوڕ بەسەر ڕێگادا پێیدەڕۆیشتین، کەچی ئەم کاعوسمانە هیچ لەم شتانەشی نەدەکرد، ناڵیشی بەکارنەدەهێنا، قاچاغچێتی و کۆڵبەریشی نەدەکرد، نەدەچوو لە کفری و سەرقەڵاوە سابون و تایت لە حکومەتی عیراقەوە بە قاچاغ بهێنێت، نەشدەچوو لە پێنجوێن و کەڕەجاڵەوە، لەولەب و نوقڵی مینۆ بە کۆڵ بهێنێت، کاعوسمان کرێکاری خەباتەش نەبوو، کە پیسترین و قورسترین ئیشی جاران بوو، «ئێستا ئەم پیشەیە بەرەو نەمان دەڕوات». ئێ هینی تریشی نەدەکرد!!! گرنگ ئەوەیە، عوسە سەلامەت بێت، جا با شارێک بسووتێت، گرنگ عوسمان نەفەوتێت... من و ئەو خەڵکەش بە ئێستاشەوە، نەمانزانی ئەم عوسمانانە چونکە زیاتر لەیەکێک بوون، چۆن و بەچی دەژیان؟؟؟
لە ساڵی 2003 لەپڕێکدا زەمەن گۆڕاو رژێمی چل ساڵەی بەعس روخا و تەخت و تاراجی سەدام ودارو دەستەكەی سەرەو ژوور كران، عوسمان و عوسمانەکان لە پلەو پۆستدا خۆیان دیەوە، هەر پۆستێک دادەتاشرا عوسمانێکیان بۆ دادەنا، هەر عوسمانێکیش چەندین پۆستی قەبەوزلی لە حکومەتی نوێدا وەردەگرت.. ئێ قەدەر وایە ساوا ھەیە بە کەوچکی زێڕ خەیار چەمەری دەدرێتێ، تا مردن وشەی (نیەو نابێت و نیمانەو نەكەیت و نەڕۆیت) نابینێت و نابیستێت، ساواش ھەیە وەک کۆڵن وڵسن دەڵێت لە دابەزینیەوە لە نەفەكی دایكی تا لێواری گۆڕەکەی هەموو ژیانی دۆڕانێکی بەردەوامە...
ئێمەی کۆڵبەر و قاچاغچی و کرێکاری کارگەکانی فافۆن و لاستیک و تەلی حاجەتشۆر، هەر تەماشاکەر بووین!!! روی بابی سەردەمێک رەش بێت، کە هەزاران مرۆڤ تێیدا برسی بن و عوسمانەكانیش یاری و تەراتێن بە ملیۆن بکەن، جا ئەم کاکە عوسمانەی دراوسێمان و عوسمانەكانی تریش، لە دوای روخانی رژێمی پێشوو تا ئەمڕۆ، بەبەردەوام لەبەینی ئەم پۆست و ئەو پۆستدا خەریکی یاری تاوڵە و دۆمینەن، هەندێکجار حەوتبەردێن و هەندێکجاریش تۆپقاڕێن و هەلوکێنیش دەکەن.. باوەڕ بکەن، یاریزانێكی زۆر ماهیر و بلیمەتیان لێدەرچوە، كەچی كومپیالەو ئەرزەوحاڵ و نامەی پاكانەو نامەی دڵداریش، خەڵک بۆیان دەنووسێتەوە!! ئەی کەواتە ئەم مەتەڵە سەگبابە چییە کەس شیکاری بۆ ناکرێت، ئەگەر مەسەلەکە هێلکەی دوو زەردێنە نەبێت..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت..
|
هەموو وتارەکانی
کاروان ئەنوەر