ئیڤا

کاروان ئەنوەر 02/06/2026   229 جار خوێنراوەتەوە

کە ھەرزەکار بووین قسەیەک باوبوو، گوایە بە ناوی ئیڤا براون خۆشەویستەكەی ئەدۆلڤ هتلەر ناونراوە، بەڵام ئەم زانیاریە راست نەبوو، ناوی IFA پیتی یەکەمی کورتکراوەی سێ وشەیە.. ئیڤا جۆرە ترۆمبێلێكی سەربازی بوو لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات دروستدەكرا و پەیوەندیی بە خاتوو ئیڤا وە نەبوو، یەك قۆناغی زۆر قورس و ناخۆش و ناشیرینی لە عیراق و كوردستان بەناوەوە ناونراو هەرچی تاوان و کوشتار و شەڕ و شۆڕ هەبوو لە باركردن و راگواستن و تاڵانی و ئەنفال، ئەم ئیڤایە تێیدا بەشدار بوو.

ناوێكی زۆر دێزی ناشیرین، دەنگێكی ناقۆڵای بەرز، بۆنێكی گاز و دوكەڵی تێر و تیژ، رەنگێكی مەرگ ئامێز چ لەبیاباندا یان لەسەر جادە و رێگاوبانەكان، ئامێرێکی کوشتنی ترسناك بوو، دوعا لە هەركەس بكرایە دەوترا: یارەبیی بەژێر ئیڤاوە بیت..

قۆناغی سەرۆکایەتی سەدام هەمووی نەھامەتی بوو، لەگەڵ لادانی بەكر و خۆبە سەرۆك كردنی لە 1979 تاوەكو 9ی نیسانی 2003 ئەم وڵاتە بە بەردەوام لە شەڕ و جەنگدا بوو، لەسەر شیکاری دەروونی و شەڕانگێزی سەدام و ترسنۆكیەکەی، گۆشەیەكم لەسەر نووسی بەناوی (سەدامم چۆن بینی؟) بەڵام شتێكتان بۆ باسدەكەم، دڵنیابن ئێوەش وەك من شۆک دەبن:

ژمارەیەك كۆمێنت لەسەر سەدام نوسرابوو، بیركردنەوەی منیان گۆڕی، بە بێ شەرم بە شان و باڵی سەدام و جنێودان بە من و بە كورد و بە مێژووی كورد لام سەیر بوو، نایشارمەوە زۆر خەمم بەو حاڵەتە خوارد و ویستم بزانم ئەمە چیە كوردێك ئەو دیكتاتۆرەی پێ شۆڕشگێر بێت!!؟؟

هەر لە مەسەنجەرەكانیانەوە ئەوەی ئەكاونتەكەی فەل و فەیک نەبوو پەیوەندیم پێوە كردن، وەك توێژینەوەیەكی سایكۆسیاسی قسەم لەگەڵ ئەم خەڵکانە کرد، کۆمێنتچیەکان یەكێکیان نەبێت ئەوانی تر ھیچیان لە قۆناغی ئیڤا و سەدامدا نەژیابوون، مەلای مزگەوتی تێدابوو جنێوی بۆ من نووسیبوو، خەڵكی لەدایكبووی 2000 و ساڵی 1998، خەڵكی دەمپیس و نەخۆشی دەروونی و چەندین نمونەی شێواوی ناخ، بەراستی نزیكەی 10 نموونەی ناو كۆمەڵگەی كوردیم لای خۆم تۆمار كرد كە داماڵراون لە بیر، پڕن لە تۆڵەكردنەوە و دژەباوی، چونكە بەو نیازەی بوونی خۆیان بسەلمێنن جنێو بەخەڵک دەدەن و بەرگری لە سەدام و جوانکاری قەباحەتی بۆ دەکەن، وەك ئەو منداڵەی بە میزەکەی دەریا پیس دەکات، بەڵام کە خەبەری دەبێتەوە دۆشەکەکەی خوساندوە!!

پێتان سەیر نەبێت كە خەڵكیان تێدابوو دەیوت سەدام حسێن ئازا بوو بۆیە خۆشم دەوێت، نەیدەزانی هەرچی سایکۆلۆجست و كۆمەڵناس و سیاسەتمەداری ئەم سەرزەویە هەن، دەڵێن ترسنۆكترین پیاوی سیاسەت لەمێژوودا ناوی سەدام بوو..

پوختەی گۆشەی ئەمجارە لەم دوو خاڵەدا بۆ خوێنەرەکانم و بەكاربەرانی سۆشیال میدیا دادەنێم:

یەكەم/ میدیای كوردی نەیتوانیوە راستیەكانی ژیانی دیكتاتۆر و خوێنمژەكان وەک خۆی بە خەڵك بڵێت، سەدام نموونەیەکی رەشە كە ئێستاش كوردێك بە سەركردە و ئازای تێبگات.

دووەم/ ئەم خەڵكانە نازانن كە یاسای ریشەكێشكردنی بەعس و یاسای سزادانی عیراق و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنیەكانی هەرێمی كوردستان سزای هەر كۆمێنتنوسێك دەدەن كە ماکیاژ بۆ بەعس و دیكتاتۆر و رژێمی پێشوو بکات.

بۆیە ئەگەر سزای ئەو خەڵکانە بدرێت، رەنگە گلەیی لە یاساكان بكەن، بەڵام (یاسا رەحم بە گێلەکان ناكات).
بۆیە باشترین سزای یاسایی بۆ ئەم کەسانە ئەوەیە تەنھا مانگێک بیانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی ئیڤا..

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

(سێگۆشەی خڕ) ناویشانی ئەو گۆشەیە کە ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاودەبێتەوە..

هەموو وتارەکانی کاروان ئەنوەر