گوڵاڵە بوەوە بە جەلەولا!
کاروان یاروەیس
24/02/2026
889 جار خوێنراوەتەوە
هیچ ناوچەیەکی دەوروبەری حەمرین هێندەی گوڵاڵە و دەوروبەری بەچڕی سێکوچکەی (تەعریب، تەرحیل، تەبعیس)ی تیا پیادە نەکراوە، لەپێش سەدام و دوای سەدامیش بەشێوازی تر پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی بەم دواییانەش جوگرافی و کارگێڕی بەردەوام بوە.
راستە سەدام دڕندانە و چڕتر تەعریبی ناوچەکەی کردوە، بەڵام پرۆسەکە زادەی بیرکردنەوەی شۆڤێنی عەرەبی توندرەوی ناسۆنالیستی سوننەیە، بۆیە دوای ٢٠٠٣ لەسەرهەڵدانی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە تا داعش بەزەبری تۆقاندن و پاکتاو کوردیان لە گوڵاڵە و حەوزی حەمرین دەرپەراندوە، ڕەنگە بەڵاتانەوە سەیربێت رێژەی کورد کورد لەناوچەکە پێش روخاندنی سەدام زیاتر بوە لەئێستا.
سیناتۆری ئەمریکی دۆستی کورد پیتەر گاڵبرێس لەنێوان ساڵی (١٩٨٣ -١٩٨٧) دوجار سەردانی عێراق و لەجەلەولاوە بەرەو کەلار و سلێمانی دەروات. دەڵێت لەنێوان سێ ساڵدا سەیری نەخشەکەی بەردەستم کرد (٢٤)شاروچکەو گوند لەنێوان کەلار و گوڵاڵە نەماون و تەختی زەوی کراون، کە هەمویان کوردنیشین بون.
ئێستا پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای حەوزی حەمرین و ناوچەی خانەقین بەشێوازێکی تر پیادە دەکرێ، پەنابردن بۆ گۆڕانکاری سنوری کارگێڕی و کردنەوەی یەکەی ئیداری نوێ، کە سەراپای پێچەوانەی مادەی ١٤٠ی دەستورە و لەجیاتی جێبەجێکردنی قۆناغی ئاسایی کردنەوەی ناوچەکە بەپێی مادەی ١٤٠، کەچی شێواندێکی تری ئاشکرای نەخشەی کارگێڕی و دیمۆگرافی ناوچەکە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێ.
ئەگەر بەقەزاکردنی قەرەتەپەیان بۆ نەچوبایەتەسەر، ئێستا وایان لەگوڵاڵەش نەدەکرد، بەڵام بێسەروبەری کورد وایکرد ئەوەی سەدام تەواوی نەکرد عەرەبی سوننە تەواوی بکەن و هێندەی تر دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دیالە و حەمرینی سنوری خواروی نیشتمان و خانەقینی بوکی کوردستان تێکبدەن.
بۆ بەقەزانەکردنی قەرەتەپە ئەوکات زیاتر لە ١٠٠ ئیمزای پەرلەمانتاران و سەرۆکی فراکسیۆنەکانم کۆکردەوە، لە دامەزراوە دەستوری و فیدرالیەکانیش سکاڵام کرد، بەداخەوە چونکە ئیرادەیەکی کوردی بەهێز نەبو بێ ئەنجام بون.
کە گوڵاڵە بوە بە قەزا، ناوچەی کوڵەجۆی زەنگاباد و ناوچەی پالانیەکان چی لێدێت، کاتی خۆی ئێمە نەمانهێشت بخرێتە سەر قەزای بەناو قەرەتەپە،ئێستا راستە لەروی کارگێڕییەوە سەربە ئیدارەی گەرمیانە، بەڵام لەروی جوگرافیەوە بەداخەوە هێشتا وەک ناوچەی ناکۆکی لەسەر ئەژمار دەکرێ.
بەپوختی، پیلانەکە لێرە ناوەستێ، بەقەزاکردنی قەرەتەپە و گوڵاڵە و دابراندنی جەبارەو قزڵرەبات (سەعدیە) لەسەر قەزای خانەقین، وادەکات ئەو ناوچانە بەتەواوەتی لەدەستی کورد بچن و کورد تەنها لەناو ناوەندی قەزای خانەقین قەتیس بکرێ، لەناو ناوەندی قەزای خانەقین-یش هێزە شیعیەکان بارەگا و لیست و کاندیان هەبوەو دەبێت.
نزیکەی ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر مەحمود پاشای جاف بەشێک لەزەوییە کشتوکاڵیەکانی لەشارەزور دەفرۆشێ و حەمەپاشای باوکیشی لەئێران دەبێت پارەی بۆ دەنێرێت، بە (١٠١٠٠) لیرەی ئالتون، کە بۆ ئەوکاتە پارەیەکی زۆر دەبێت، ناوچەی قزڵرەبات دەکرێ و ئەچیت لە بەغداد تاپۆیان ئەکات و دواتر لەساڵی ١٨٩٦ مزگەوتیک لە قزڵرەبات دروستدەکات تا ساڵی ٢٠١٤ داعش خابوری کرد.
مەحمود پاشای جاف تەنها یەک ئامانجی هەبو، ئەو ناوچانە کوردستانن و دەبێ زەوییەکانی بەناوی کوردەوە بێت، مخابن دوای سەدەو نیوێک هێواش هێواش لەکیسمان چون.
|
هەموو وتارەکانی
کاروان یاروەیس