هاوكێشه‌ی میدیا و كردار.. وانه‌یه‌ك بۆ پارته سیاسییه‌كان..!
د.عەدالەت عەبدوڵا
25/09/2025
407 جار خوێنراوەتەوە
له ره‌خنه‌وه تا نه‌فره‌ت
به‌و پێیه‌ی پارته سیاسییه‌كان خۆیان به نوێنه‌ری خه‌ڵك، یان ده‌ربڕی ئاراسته و بیروباوه‌ڕی به‌شێكیان، یان داكۆكیكار له‌به‌رژه‌وه‌ندی و چاوه‌ڕوانیی هه‌ندێک چین و توێژیان ده‌زانن، سەر‌نج ده‌ده‌ین له زۆر هه‌لومه‌رجدا به دوور نابن له‌وه‌ی له‌لایه‌ن دانیشتوانی وڵاته‌وه، یان به‌شێكیانه‌وه، یان توێژێكه‌وه، یان ته‌نانه‌ت تاكه‌كانییه‌وه، دووچاری ره‌خنه، یان تانه، بگره پڕوپاگه‌نده و نه‌فره‌ت لێكردنیش! ببنه‌وه.
له‌مه‌دا، پارته‌كان، ده‌سه‌ڵاتداربن، یان به‌رهه‌ڵستكار، كه‌م و زۆر و به‌پێی قورسایی و كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی، به‌ركه‌وته‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه ده‌بن.
په‌ندێكی ئینگلیز هه‌یه، ده‌ڵێت: Actions speak louder than words، واته ده‌نگی كرداره‌كان، له وشه‌و وتراوه‌كان زوڵاڵتره. پارتی سیاسی، ئه‌گه‌ر ته‌نها له روانگه‌ی په‌ندێكی وه‌ها‌وه بێت، یان بۆ خۆلادان له‌و قه‌ده‌ره‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی له‌ناو كۆمه‌ڵگەدا رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، هه‌موو ده‌مێك پێویستیی به‌وه‌یه كه زۆربه‌ی كات، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ك رێكخراوێكی قسه‌كه‌ر Speaking Organization، یان دیارده‌یه‌كی میدیایی، یان نمایشكاری گوتار Discourse ده‌ربكه‌وێت - با گوتاری گواستنه‌وه‌ی كرداره‌كانی رابردوو و سه‌روه‌رییه‌كانی مێژوویش بێت!-، ئه‌ركێتی كه به پله‌ی یه‌كه‌م، زیاتر و زۆرتر، له‌ناو مێژووی ژیا‌و و ئێستایدا، گرنگیی به كردار (Action)بدات.
گه‌مه‌ی میدیا، بۆ پارتی سیاسی، هه‌رگیز نابێته جێگره‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی كردارییانه‌ی به‌رپرسیارێتییه كۆمه‌ڵگه‌یی و سیاسییه‌كان.
به‌ستنه‌وه‌ی دنیابینی به‌كرداره‌وه
به مانایه‌كی روونتر، پارتی سیاسی، پێویستی به‌وه‌یه، دنیابینی و پره‌نسیپه‌كانی خۆی به پێوه‌ری به‌رهه‌مهێنانی كرداره‌وه گرێ بدات، ئه‌مه نه‌ك هه‌ر له‌پێناوی ئه‌وه‌ی یه‌ك به یه‌كی كرداره‌كان، له فه‌زای گشتی و له‌ناو ئاڵوگۆڕی ئارگیۆمێنت و مشتومڕی چین و توێژه جیاجیاكانیدا، بدره‌وشێنه‌وه و جێی باس بن، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه قۆناغی سه‌لماندنی مه‌به‌ست-یشPurpose، واته مه‌به‌ستداركردن و به غایه‌تكردنی خودی كردار خۆی، كه زۆرجار، به پێی خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كان، یان له هه‌لومه‌رجی قه‌یران و ته‌نگژه كۆمه‌ڵگه‌ییه‌كاندا، بریتییه له ده‌ستكاریكردن و گۆڕینی واقع و هه‌لومه‌رجی ژیانی كۆمه‌ڵگه، له‌گه‌ڵیدا زوڵاڵكردنی ده‌نگی میدیاكانیش كه به سروشتی حاڵ، هاوشانی رووماڵكردنی كرداره‌كان، هه‌ر خۆیان ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی بڵاوكردنه‌وه و قووڵكردنه‌وه‌ی كەلتوری كردارخوازی-یش Action culture، كەلتورێك، كه بێگومان هه‌ردوو زانستی سۆسیۆلۆژیا و ئه‌نترۆپۆلۆژیا پێی ده‌ڵێن: كەلتوری هاندانی ده‌ستپێشخه‌ری، ده‌سكه‌وت، چالاكیی كرده‌یی، كاری راسته‌وخۆ.
میدیا‌و بۆشایی كردار
بێگومان هیچ به‌ڵگه‌ی ناوێت كه بۆشایی كرداره‌كان، كردار به‌و چه‌مكه فه‌لسه‌فییه ئه‌فڵاتۆنی و گریكییه‌ی كه ده‌به‌سترێته‌وه به چاكه‌وه و زانینه‌وه، هه‌رگیز به پینه و په‌ڕۆی میدیاكان پڕ ناكرێته‌وه!. به‌ڵێ راسته، بۆخۆم، به ئه‌زموونی 33 ساڵی رابردوو، كه له ناوه‌ندی ده‌زگاكانی ماسمیدیادا كارده‌كه‌م، پێ له‌وه ده‌نێم كه میدیا كاریگه‌ریی زۆره، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ سۆسیۆلۆگێكی فه‌ره‌نسیی به‌ناوبانگی وه‌ك پیار بۆردیۆ(1930-2002ز) ده‌توانم بڵێم كه میدیاكان بریتین له میكانیزمه‌كانی كۆنترۆڵی عه‌قڵ-یش. بۆ ئه‌مه، ئه‌مڕۆ ره‌نگه ته‌نها ئاماژه‌كردنێك به‌و لێشاوه له دروستكردنی كه‌ناڵی ئاسمانی و ئامرازه‌كانی تری راگه‌یاندنی كلاسیكی Traditional media و ئه‌و هه‌زاران پلاتفۆرمه دیجیتاڵییانه‌ی كه له واقعی كوردستاندا چالاكن و به توانایه‌كی زۆر‌و زه‌وه‌نده‌وه پاره‌دار Financing ده‌كرێن!، به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاشنابین به‌وه‌ی كه ماسمیدیا، سۆشیال میدیا و نیو میدیا، به‌گشتی، رۆڵیان له دروستكردنی رای گشتی و ئاراسته‌كردنی هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیماندا هه‌یه، به‌ڵام له رووی زانستییه‌وه، ئه‌و راستییه‌ش به زه‌قی و روونی ده‌بینین و بگره ئه‌زموونیشمان كردووه كه میدیاكان، له‌كۆتاییدا، ناتوانن، هه‌موو ده‌م، ئه‌و كاریگه‌رییه له‌سه‌ر دانیشتوانی وڵات دروستبكه‌ن و راستگۆیی خۆیان بپارێزن ئه‌گه‌ر له مامه‌ڵه‌كردندا له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ی كرداره‌كاندا، سه‌ركه‌وتوو نه‌بن، یان كردار و بۆشایی كردار، له چوارچێوه‌ی كەلتوری كردارخوازیدا نه‌بینن.
شكستی كردار و میدیای به‌دكار !
له هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌دا، میدیایه‌ك هه‌یه ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ڵه‌ی كرداره‌كان، كرده نه‌كراوه‌كان، كرده پێچه‌وانه‌كان، كورتهێنانی كرداره‌كان، زیانی هه‌ندێک له كرداره‌كان، یان وتراوه وروژێنه‌ره‌كان، هه‌ڵه‌ی وتنه‌كان، زیاده‌ڕۆیی له وتراوه‌كان، به‌ڵێنه به‌كارنه‌كراوه‌كان، پارادۆكسی وتراوه‌كان، وتراوه بێ ئه‌نجامه‌كان و هتد.. نه‌بن، ئه‌وا ناتوانێت هه‌بێت!، بگره، كورد وته‌نی، ده‌كه‌وێته سه‌ر ساجی عه‌لی و هیچ ئاوتپووتێكی بۆ نامێنێته‌وه كه سه‌رنجڕاكێش بێت!.
ئه‌م تایپه له میدیا، چه‌ند فۆكه‌سی زیاتر بخاته‌سه‌ر شكستی كردار، به دیوه‌كه‌ی تریشدا، چه‌ند كرداری به‌جێهێنراو پشت گوێ بخات، له‌كۆتاییدا، یه‌ك ستراتیژی هه‌یه كه ستراتیژێكی سیاسییانه‌ی به‌دكاره، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: به ئاگاوه بێت، یان نائاگا، نایه‌وێت كردار هه‌بێت و بیسه‌لمێنێت، یان هانده‌ری فه‌زیڵه‌تی كرداره باشه‌كان بێت، چونكه سه‌لماندن و هاندانێكی وا، له به‌رژه‌وه‌ندیی بكه‌ری خاوه‌ن كرداردا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش، لای ئه‌م تایپه له میدیا، (پێچه‌وانه)ی ستراتیژی سیاسیی رووماڵكردن و گواستنه‌وه‌یه!.
ئه‌م میدیایه، له‌بری ئه‌وه‌ی هانده‌رێكی پیشه‌ییانه‌ی كرداربێت، دێت و ته‌نها ئه‌و فۆرمانه له كردار بۆ رای گشتی نمایش ده‌كاته‌وه كه بریتی بن له شكستی كردار و نكۆڵی‌كردن له بوونی، یان بێبه‌هاكردنی!. ئه‌مڕۆ ئه‌م جۆره‌ی میدیا، زیاتر میدیای هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و هه‌ندێک له میدیا ئه‌هلییه‌كانمانه، كه به‌داخه‌وه، به‌شێكیان، به‌بێ شوێنپێكه‌وتنی هه‌نگاوه‌كانی میدیای هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان، هه‌ست به بوون و كاریگه‌ریی خۆیان ناكه‌ن، به‌وه‌ش پیشه و هه‌ڵوێستی سیاسی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی كاری راگه‌یاندنیش، فه‌رامۆش.
كردار و میدیای پڕوپاگه‌نده
له‌به‌رامبه‌ردا، تایپێكی ترمان له میدیا هه‌یه كه ئه‌میان، پێچه‌وانه‌ی تایپی پێشوو، زۆرجار مامه‌ڵه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ییانه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا ده‌كات. كرداره‌كان، چه‌ند كه‌موكورت و سنورداریش بن گه‌وره‌یان ده‌كات، هه‌ندێكیان ئاسایی و ئه‌ركیش بن وه‌ك ده‌سكه‌وتی گه‌وره و مێژوویی نمایشیان ده‌كات!، ئه‌گه‌ر بۆشایی كرداریش هه‌بێت، یان شكستی كردار، بیانوویان بۆ ده‌هێنێته‌وه و دایانده‌پۆشێت، هه‌موو رۆژێك بچێته به‌رده‌م ته‌رزی هه‌ڵه و تاوان و سكانداڵی زه‌قی كرداره‌كان، دێت و وه‌ك بژارده‌ی راست و دروست وێنایان ده‌كات!، له‌وه‌ش زیاتر، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، هیچ كردارێكی ته‌واونه‌كراو و مه‌به‌ست نه‌پێكاو ناگوێزێته‌وه، بێده‌نگییه‌كی زه‌قیش له كرداره به‌د و زیانبه‌خشه‌كان ده‌كات و روماڵیان ناكات و.. هتد..
ئه‌م تایپه‌یان له میدیا، زۆرجار، كه‌م و زۆر، له میدیای پارته سیاسییه فه‌رمانڕه‌واكانمان، یان میدیا سێبه‌ر و ناڕه‌سمییه‌كانیاندا، به‌رجه‌سته ده‌بێت، زۆرجاریش جۆرێكه له په‌رچه‌كدارێكی هه‌ڵه و ناپیشه‌ییانه له‌به‌رامبه‌ر لێشاوی بێ ئامانی تایپه‌كه‌ی تری میدیای كوردی، كه گوتاری میدیایی پێچه‌وانه له‌به‌رامبه‌ر هاوكێشه‌ی كرداردا به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
واته له‌و نێوانه‌دا ئیتر، له‌هه‌موو دۆخێك‌دا، به زیاتر له تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك، سه‌رنج ده‌ده‌یت كه میدیای كوردی، به گشتی، ناتوانێت له‌وه تێبگات كه ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا ده‌دۆڕێت پیشه‌ییبوون-ه، له‌گه‌ڵیدا ونكردنی به‌های كرداره بۆ بنیادنانی وڵات و له‌ده‌ستدانی بایه‌خی گرنگیدان و هاندانی كرداره باشه‌كانه بۆ كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانی.
بۆشایی بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی میدیا
ئێمه له بواری پسپۆریی خۆماندا، ده‌مێكه ده‌ڵێین: میدیا له كوردستاندا بۆیه بۆته ده‌زگای پڕوپاگه‌نده و پڕوپاگه‌نده‌ی دژ و پێچه‌وانه، چونكه زۆربه‌ی هێزه مرۆییه‌كه‌ی، له‌ژێر كاریگه‌ریی خاوه‌ندارێتیی ده‌زگاكانی میدیا و لایه‌نه‌كانی سپۆنسه‌ر و پاره‌داركاریاندا، ئه‌ركی پیشه‌ییبوون هه‌رس ناكه‌ن و ناشیانه‌وێت په‌یڕه‌وی بكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خودی ئه‌ركه‌كه ئێجگار سه‌خته و هێزی مرۆیی راهێنراو و پابه‌ند به یاسا و ئیتیكی میدیایی ده‌وێت، وه‌ك چۆن میدیایه‌كی پێویسته كه خاوه‌ن ئابوورییه‌كی میدیایی وابه‌سته نه‌بێت.
بنه‌ماكانی كاری پیشه‌یی-یش، زۆر به ساده‌یی، بریتین له: وردبینی و دروستی، ئازادی و ئازایه‌تی، بابه‌تیبوون و بێلایه‌نی، به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نكی (الشفافیه/ Transparency)و ده‌ستپاكی، رێز و پاراستنی شكۆی مرۆڤه‌كان، لێهاتوویی و زانین، پابه‌ندبوون به یاساكانه‌وه، ره‌چاوكردنی ئیتیكی پیشه‌یی و ..هتد.. به‌م مانایه‌ش، هه‌ر كورتهێنانێك له ره‌چاوكردنی هه‌ر یه‌كێك له‌م بنه‌مایانه، خۆبه‌خۆ پایه‌یه‌ك له پایه‌كانی پیشه‌یبوونی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌كارده‌خات، زیانێكی راسته‌وخۆش له په‌یامه‌كان و له هۆشیاریی وه‌رگر-یشیان Receiverده‌دات، به‌وه‌ش ئه‌وه‌ی پێش هه‌مووان زیانی به‌ر بكه‌وێت، جگه له میسداقییه‌تی میدیاكان خۆیان، كۆمه‌ڵگه‌یه به گشتی و کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسییه به تایبه‌تی.
دوورگرتن له‌و ئه‌زموونه له میدیا
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به پارتی سیاسییه‌وه هه‌بێت، له‌سه‌ریه‌تی دوور بگرێت له په‌یڕه‌وكردنی تایپێك له‌كاری میدیایی كه ته‌نها ئیشی پڕوپاگه‌نده، یان پڕوپاگه‌نده‌ی دژ بێت و كۆی ئه‌و بنه‌مایانه ره‌چاو نه‌كات كه پێویستییه پیشه‌ییه‌كانی میدیا پڕ ده‌كه‌نه‌وه. ئێمه ده‌بێ بیرمان بكه‌وێته‌وه كه پارتی سیاسی، فه‌رمانڕه‌وا بێت یان به‌رهه‌ڵستكار، مه‌حكومه به‌وه‌ی زۆرترین بڕی كرداری ئامانجداری هه‌بێت تا زۆرترین بڕی وتراو و گواستنه‌وه‌ی فاكت و زانیاری راست و دروستی به‌دوادابێت و به ده‌نگێكی زوڵاڵ بگه‌یه‌نرێنه رای گشتیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش. تۆ به‌وه، ئه‌گه‌ر هێزی فه‌رمانڕه‌وا بیت گره‌وی خۆت ده‌به‌یته‌وه و ده‌بیته‌وه جێی متمانه، هێزی به‌رهه‌ڵستكاریش بیت چانسی زیاترت بۆ گه‌یشتن به فه‌رمانڕه‌وایی، بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت.
گه‌مه‌ی میدیا، بۆ پارتی سیاسی، هه‌رگیز نابێته جێگره‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی كردارییانه‌ی به‌رپرسیارێتییه كۆمه‌ڵگه‌یی و سیاسییه‌كان، نابێته هاوشانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و فۆرمانه له كردار كه راسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕین و چاكسازی هه‌یه له ژینگه‌و ژیانی گشتیدا. له‌م رووه‌وه، چه‌ند بڕی كرداره‌كان كه گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان و ئاڵوگۆڕ له واقعی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كه‌ن، زیاتر بن، ئه‌وه‌نده میدیاش ده‌توانێت پیشه‌یی تر بێت.
چه‌ندیش گرفتی گه‌وره له هاوكێشه‌ی كرداردا هه‌بێت، ئه‌وه‌نده زیانیش له راستگۆیی میدیا و ره‌وایه‌تیی په‌یامه‌كانی ده‌درێت.
باشترین راسپارده، له‌دیدی ئێمه‌دا، كه وه‌ك هه‌ڵبژاردنی رێگای راسته بۆ پارته سیاسییه‌كان، ئه‌نجامدانی ئه‌و كردارانه‌یه كه مه‌ینه‌تی و قه‌یران و بارگرانییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و چاكسازیی له ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كاندا په‌ره پێده‌ده‌ن، ئه‌و كردارانه‌شه كه ئاوات و چاوه‌ڕوانیی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌دیده‌هێنن، وه‌ك چۆن كۆتایی پێهێنان و سفركردنه‌وه‌ی كۆی ئه‌و كردارانه‌شه كه نێوبانگی پارتی سیاسی ده‌شێوێنن و زیانی گه‌وره‌ی ماددی و مه‌عنه‌ویی لێده‌ده‌ن و له كۆمه‌ڵگه و چین و توێژه‌كانی، دووری ده‌خه‌نه‌وه.
رێزگرتن له خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه‌كان
به ده‌سته‌واژه‌یه‌كی تر، پارته سیاسییه‌كان پێویسته بزانن كه كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانی، زۆرجار، تینووی ئه‌و فۆرمانه‌ن له كردار كه پێشتر له گوتار و ئه‌ده‌بیات و بانگه‌وازه سیاسییه‌كاندا، وه‌ك به‌ڵێن و په‌یمان، پێیان درابێت. دیموكراسی ئه‌گه‌ر به‌هاگه‌لێكی هه‌بێت، گرنگترینیان ئه‌وه‌یه كه تیایدا خه‌ون و به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان پیرۆز و ره‌چاوكراو كرابن.
له‌م رووه‌وه، هه‌ر قووڵكردنه‌وه‌یه‌كی هه‌ستی له‌خشته‌بردن، به فریودانی میدیاییشه‌وه Media misinformation لای كۆمه‌ڵگه، ده‌بێته گورزی كوشنده له پارتی سیاسی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی مه‌ترسیداریشی له‌سه‌ر رۆڵی كاری میدیایی ده‌بێت، به‌تایبه‌تی كه هه‌ر به‌ڵێنێكی كردار، یان كردارێكی به‌دینه‌هێنراو، سیحری كاریگه‌ریی میدیاكانیش به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، بگره ته‌نانه‌ت هه‌ر تایپێكی نواندنی كرداریش، ئه‌گه‌ر لاوه‌كی بێت، شوێنی گه‌وره له واقعی كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌گرێت، چاكه‌ی گشتی زیاد نه‌كات، وه‌رچه‌رخان و جیاوازی نه‌هێنێته ئاراوه، ئه‌وا میدیاكانیش له‌گه‌ڵیدا ناتوانن قه‌ره‌بووی ئه‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه (مأزق) له هه‌لومه‌رجی كردار بكه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می هاوچه‌رخی ئه‌مڕۆماندا، كه هه‌ر ده‌زگاكانی ماسمیدیا و سۆشیال میدیا خۆیان، به خێرایی تیشك، كۆمه‌ڵێك فاكت و رووداو ده‌گوێزنه‌وه كه ده‌شێت میدیاكانی لایه‌نی بكه‌ری كردار، نه‌یانگوێزنه‌وه و رووماڵیان نه‌كه‌ن، به‌وه‌ش له یه‌ك كاتدا، مسداقییه‌تی هه‌م پارتی سیاسی و هه‌م میدیاكانی، بكه‌ونه ژێر پرسیار و ره‌خنه‌ی گه‌وره‌وه.
|
هەموو وتارەکانی
د.عەدالەت عەبدوڵا