بێ گوتاری و وابەستەیی بە ئەجێندای دەرەکییەوە
ئەرسەلان ڕەحمان
20/03/2025
542 جار خوێنراوەتەوە
ڕاستە لە ژینگەی میدیایی هەرێمدا، کەناڵی ئاسمانیی بە درووشمی بێلایەنی، پڕۆفیشناڵی، یەکەمی، خێزانی و کوردستانی هەن، بەڵام کەناڵی کوردی نیشتمانی بە مانای خاوەندارێتی لە گوتارێکی کوردستانی نین. لە باشترین دۆخدا بەشێکی بەرچاویان وابەستەی ئەجێندای دەرەکیین. پێ بە پێی سیاسەتی وڵاتانی دەرودراوسێ و دوور و نزیک، وەک دەزگای پەخشی پڕوپاگەندەی دەرەکی بە زمانی کوردی پەخش دەکەن. خۆیان هیچ گوتارێکی کوردستانیانەیان نیە، توانای چاودێری و شیکردنەوەی ڕووداوەکانیان نیە، هەن و دامەزراون بۆ ئەوەی ئاو بکەنە ئاشی سیاسیی گوماناویی و وابەستە بە سیاسەتی دەرەکییەوە.
ئەوەی لە ئەستەموڵ ڕوودەدات، ڕووداوێکی گەورەیە، سەرەتایەکی بەهێزە بۆ وتنی "نا" بە دەنگی بەرز بە ڕووی دەسەڵاتێکی تۆقێنەر و سەرکوتکاردا، کە نەک تەنیا خوێنڕێژی بەرهەم دەهێنێت، بگرە دەست بۆ بڕینەوەی درەخت و سوتاندنی بەڕووەکانی ڕووبەرێکی فراوانی ئێرەش دەبات.
ئەو کەناڵانەی لە ئەنگۆلا، هایتی و سۆماڵ، ڤیدیۆی بڵاوکراوەی بەکارهێنەرێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان دەستکەوێت، قاوی بۆ دەکەن، و هەموو داهێنانیان بووەتە حیکایەتخوانی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بەها و زانیاری شێوێندراو، گوێی خۆیان لە ئاست هاواری "نا"ی ئەستەموڵ کەڕ و کاس کردووە، ئەگەرچی دەشزانن ئەوانیش نەیڵێن، خەڵک دەیزانێ، بەڵام لە ترسی ئاغاکانی داڕشتنی ئەجێندایان و لەبەر ترسی زیانی بۆ پەزەکان باسی ناکەن. پێشیان وایە هێشتا سەرچاوەی زانیاری و هەواڵن و بە خەرجکردنی هەزاران دۆلار لە سپۆنسەری ڤیدیۆی پڕوپووچدا خۆڵ دەکەنە چاوی پارەدەر و وەرگرانیانەوە.
|
هەموو وتارەکانی
ئەرسەلان ڕەحمان