مۆندیال بۆ ئێران بووەتە گەشتێکی پڕ لە مەینەتی
1 کاتژمێر پێش ئێستا
12 جار خوێنراوەتەوە
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڕیاری داوە سکاڵایەکی فەرمی پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە لە مۆندیالی 2026 رووبەڕووی زنجیرەیەک رێگری و ئاستەنگی لۆجیستی بووەتەوە، تاران ئەو رێکارانە بە نادادپەروەرانە لەقەڵەم دەدات.
بەپێی میدیای ئەو وڵاتە، ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی ئێران تووشی کێشەی گەورە بوون، دیارترینیان پێ نەدانی ڤیزا بوو بە ژمارەیەک لە ئەندامانی شاندەکە بۆ چوونە ناو خاکی ئەمریکا. ئەم دۆخە وای کردووە هەڵبژاردەکە ناچار بێت کەمپی مەشق و راهێنانی خۆی بەرەو شاری تیخوانا لە مەکسیک بگوازێتەوە.
ئەم بارودۆخە وای کردووە یاریزانانی ئێران بۆ هەر یارییەک گەشتێکی درێژ بکەن و لە خاڵە سنوورییەکان رووبەڕووی پشکنینی وردی هێزە ئاسایشپارێزەکان ببنەوە. بەرپرسێکی فیدراسیۆنی ئێران ئاماژەی بەوە کرد رێگەیان پێنەدراوە بگەنە شاری لۆس ئەنجلس، تەنیا یەک رۆژ پێش یارییەکە گەیشتوون، لە کاتێکدا یاساکانی فیفا دەڵێن دەبێت 2 رۆژ پێش یارییەکە هەڵبژاردەکان لە شوێنی مەبەست بن.
ئەمیر قەڵانەوێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران ناڕەزایەتی دەربڕیوە، چونکە تیپەکەی ناچار دەکرێت یەکسەر دوای یارییەکان ئەمریکا جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە مەکسیک. راهێنەرەکە دەڵێت "ئەم شێوازی مامەڵەیە کاتی پێویست بۆ پشوو و چاکبوونەوەی یاریزانەکان نادات و پرەنسیپی یەکسانی لە نێوان هەڵبژاردەکان ناهێڵێت".
ئێرانییەکان چاوەڕێی وەڵامی فیفا دەکەن بۆ ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ یاریزانەکانیان دابین بکرێت. هەڵبژاردەی ئێران دوای یەکسانبوونی لەگەڵ نیوزلەندا بە ئەنجامی 2-2، ئێستا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەلجیکا ئامادە دەکات. یارییەکە رۆژی 22ـی مانگ لە لۆس ئەنجلس بەڕێوەدەچێت.
|