محەممەد سەڵاح تەقییەوە و ئەگەری هەیە لە لیڤەرپوول بڕوات

9   کاتژمێر پێش ئێستا  37 جار خوێنراوەتەوە

تووڕەیی محەممەد سەڵاح، بەهۆی دانیشاندنی لەسەر کورسیی یەدەگ بۆ سێ یاریی لەسەریەک تەقییەوە و ئەستێرە میسرییەکە دەڵێت " باوەڕناکەم چی روودەدات و هەست بە بێهیوایەکی زۆر دەکەم."
 
سەڵاح لەلێدوانێکدا دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر لیدز یونایتد وتی "لە چەند ساڵی رابردوودا زۆرم پێشکێشی ئەم یانەیە کرد، بەتایبەت لە وەرزی رابردوودا، ئێستا لەسەر کورسی یەدەگم، نازانم هۆکارەکەی چییە، وادیارە یانەکە دەیەوێت دەستبەردارم ببێت، من هەست بەوە دەکەم، پێموایە زۆر روونە کە کەسێک ویستوویەتی هەموو تاوانەکە بخاتە سەر من، لە هاویندا بەڵێنی زۆرم پێدرا، ئێستاش سێ یارییە لەسەر کورسی یەدەگم، بۆیە پێموایە ناتوانن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن."
 
ئەستێرە میسرییەکە دەڵێت "زۆر جار گوتوومە پەیوەندی من و سڵۆت زۆرباشە، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پەیوەندییەکەمان پچڕا، نازانم هۆکارەکەی چییە، بەڵام من پێموایە کەسانێک لە یانەکەدا منیان ناوێت."
 
لەبارەی ئەوەی یاریی لیڤەرپوول بەرامبەر برایتن دوایین یاریی ئەو دەبێت بەدرێسی لیڤەرپوولەوە، محەممەد سەڵاح گوتی "بە خێزانەکەمم گوتووە بێن بۆ یارییەکە، نازانم یاری دەکەم یان نا، بەڵام چێژ لە ئامادەبوونیان وەردەگرم، لە قوڵایی دڵمەوە چێژ لەو یارییە وەردەگرم، چونکە نازانم دوای ئەوە چی روودەدات، من لە ئانفیڵد دەبم بۆ ماڵئاواییکردن لە هاندەران، دوای ئەوە دەچمە جامی ئەفریقا و نازانم کاتێک لەوێ دەبم چی روودەدات."
 
سەڵاح زیاتر لەو بارەیەوە وتی "لە تۆپی پێدا کەس نازانێت چی روودەدات، من ناتوانم ئەمە قبوڵ بکەم، زۆرم پێشکێشی ئەم یانەیە کردووە."
 
گۆڵکارە میسرییەکە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە و دەڵێت "بیرمە کاتێک هاری کەین 10 یاریی بەسەریەکەوە گۆڵی نەکرد، هەموو میدیاکان گوتیان واو بەدڵنیاییەوە هاری دەگەڕێتەوە و گۆڵ دەکات، کاتێک بابەتەکە بووە سەڵاح پێم دەڵێن لەسەر کورسی یەدەگ بە، ببورە هاری بۆ ئەمە."
 
ئەم قسانەی محەممەد سەڵاح کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و میدیاکان وای لێکدەدەنەوە کە یاریزانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا دەکرێت لە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکە بڕوات، یانەی ئیتیحادی سعودی جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە چڕدەکاتەوە و دەیەوێت هاوشێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بنزیما بیباتە خولی سعودی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە