ئایا ئازاری پشت نیشانەی شێرپەنجەی پەنکریاسە؟

2   کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی هۆشدارییان داوە لە ئازاری بەردەوام و ناڕوونی پشت و ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە تەنها نیشانەیەکی ماسولکەیی نەبێت، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ بڵاوبوونەوەی وەرەمێکی شێرپەنجەیی لە پەنکریاسدا.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "Times Now"، زۆرجار شێرپەنجەی پەنکریاس لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا دەستنیشان دەکرێت، چونکە نیشانە سەرەتاییەکانی ناڕوونن و بۆ ماوەیەکی زۆر بە بێدەنگی گەشە دەکات، زۆرجار دوای بڵاوبونەوەی بۆ ئەندامەکانی دیکە دەدۆزرێتەوە ، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی چارەسەرکردن.

پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتێک وەرەمێک لە پەنکریاس دروست دەبێت ڕەنگە فشار بخاتە سەر دەمارەکان یان بڕبڕەی پشت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری پشت کە جیاوازە لە ئازاری ئاسایی، بە چەند نیشانەیەک دەناسرێتەوە، وەک:

١. لە سەرەتادا ئازەرەکە پچر پچر دەستپێدەکات پاشان چڕییەکەی زیاد دەکات.

٢. دوای نان خواردن زیاتر دەبێت.

٣. کاتی پاڵکەوتن لەسەر پشت توندتر دەبێت.

٤. دەرمانە ئازارشکێنەکان چارەسەری ناکات.

٥. لەوانەیە کەمێک باشتر بێت لە کاتی دانیشتن یان چەمانەوەی بۆ پێشەوە.

پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە توندی ئازارەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، ڕەنگە هەندێک لە نەخۆشەکان تووشی ئازارێکی زۆر ببن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە هەست بە هیچ ئازارێک نەکەن تەنانەت لە قۆناغە پێشکەوتووەکانیشدا، ئەمەش وا دەکات زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە قورستر بێت.

جگە لە ئازاری پشت، کۆمەڵێک نیشانەی ئاگادارکردنەوە هەیە کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ شێرپەنجەی پەنکریاس، لەوانە:

- دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی ناڕوون.

- نەمانی ئارەزووی خواردن.

- ئازار یان ناڕەحەتی لە بەشی سەرەوەی سکدا.

- سکچوون و ڕشانەوە.

- ماندوێتی بەردەوام.

- ئاوسانی گەدە و کێشەی هەرس.

- زەردوویی.

- گۆڕانی باری دەروونی یان خەمۆکی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە