مەترسیەکانی زۆرخواردنی ڤیتامین C چییە؟
3 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
زۆرخواردنی ڤیتامین C لەوانەیە ببێتە هۆی مەترسیی تەندروستیی جددی سەرەڕای سوودە ناسراوەکانی
ڕاپۆرتێکی پزیشکی کە لەلایەن ماڵپەڕی ئەمریکی Very well Health بڵاوکراوەتەوە، هۆشداریی دا لەبارەی ئەوەی کە خواردنی بڕی زۆر لە زیادەخۆراکییەکانی ڤیتامین C بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەوانەیە ببێتە هۆی لێکەوتەی تەندروستیی مەترسیدار، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ڤیتامینە بە سەلامەت دادەندرێت کاتێک لە چوارچێوەی سنووری پێشنیارکراودا بەکار دەهێنرێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڕە بەرزەکان لەوانەیە ببنە هۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ماددەی ئۆکزالات (Oxalate)، جگە لە تێکچوونی کۆئەندامی هەرس وەک سکچوون، دڵتێکەڵهاتن، و گرژبوونی گەدە، بەتایبەتی کاتێک لە ٢٠٠٠ ملگم لە ڕۆژێکدا تێپەڕ دەکرێت. هەروەها ڤیتامینەکە دەکرێت بەشداری بکات لە کەڵەکەبوونی ئاسن لە جەستەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی هیمۆکرۆماتۆزی (Hemochromatosis – نیشتنی بۆیە خوێنییەکان) یان هەیە، کە ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر تەندروستیی جگەر و دڵ.
ڕوونیشی کردووەتەوە، کە زۆرخواردنی ڤیتامین C لەوانەیە ببێتە هۆی شێواندنی ئەنجامی هەندێک پشکنینی پزیشکی وەک پێوانەکردنی شەکری خوێن و میز، و لەوانەیە ببێتە هۆی داخورانی مینای ددان بەهۆی ترشێتیی بەرزی ئەو زیادەخۆراکییانەی کە دەمژرێن. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژەی زۆر لەوانەیە بە شێوەیەکی پێچەوانە کار بکات و لە هەندێک دۆخی دیاریکراودا بگۆڕێت بۆ هۆکارێکی ئۆکسیدکەر (Oxidant)، کە هێشتا لە ژێر توێژینەوەی زانستیدایە.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو چین و توێژانەی زیاتر لە مەترسیدان بۆ لێکەوتەی بڕە زیادەکان، بریتین لە نەخۆشانی گورچیلە، تووشبووانی تێکچوونەکانی کەڵەکەبوونی ئاسن، نەخۆشانی شەکرە، جگە لە هەندێک نەخۆشی شێرپەنجە کە چارەسەری کیمیایی یان تیشکی وەردەگرن.
|