حەمید هیراد گۆرانیبێژی پۆپی ئێرانی کۆچی دواییکرد

3   کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

ناوەندە هونەرییەکانی ئێران کۆچی دوایی گۆرانیبێژی ناسراوی پۆپ، حەمید هیرادیان راگەیاند، کە دوای ساڵانێکی درێژ لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 34 ساڵیدا لە تاران کۆچی دوایی کرد.
 
بە گوێرەی میدیای فەرمی ئێران بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 12-3-2026 ئەو هونەرمەندە دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی سپارد.
 
هیراد لە ساڵی 2017وە گیرۆدەی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن ببوو و چەندین ساڵ بوو چارەسەری وەردەگرت. کۆمپانیای "ئاوازی نۆ" و خێزانەکەی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کردووە؛ رێوڕەسمی ماڵاوایی و بەخاکسپاردنی سبەی هەینی کاژێر 11:00ی بەیانی لە بەشی هونەرمەندان لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران بەڕێوەدەچێت.
 
حەمید هیراد لە ساڵی 1991 لە باکووری ئێران لەدایکبووە، یەکێک بوو لە دیارترین دەنگەکانی ساڵانی دوایی موزیکی پۆپ لە ئێران و بە گۆرانییەکانی وەک "شوخیه مەگەر" و "ئینفێراد" ناوبانگێکی زۆری لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان پەیدا کردبوو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە