ژیان لە کوردستان لە چاوەڕوانی هەناردەکردنەوەی نەوتدایە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
147 جار خوێنراوەتەوە
ماوەی زیاتر لە ١١ ساڵە خەڵکی کوردستان دەست و پەنجە لەگەڵ قەیرانێکی سەختی دروستکراوی داراییدا نەرم دەکەن لەلایەک کراونەتە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا و لەلایەکی دیکەش گیرۆدەی دەستی گەندەڵی و بردنی داهاتن.
دۆخەکە بۆ خەڵکی کوردستان بە جۆرێکە هاوشێوەی راگرتنی ژیانی ئاسایی وایە، هەموان چاو و گوێیان لە هەواڵی ناردنی پارەیە لە بەغداوە، کەس بیری لای نەتەوە و نیشتیمان و پیرۆزییەکانی نەماوە.
بازار و دوکانەکان چۆڵن، تەنیا جوڵەیەکی ئاساییان تێدا ماوە ئەوەش بەهۆی هاتنی ئەو گەشتیارە عەرەبانەوەیە کە دێنە ناو شارەکانی کوردستانەوە.
بە گوێرەی دوایین گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا جارێکی دیکە رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکان بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە بەڵام دیار نیە کام ڕێککەوتنە.
چونکە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دەیان جار رێککەوتن راگەیەندراوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ بڕگەیەکی جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نە بەغدا مووچەی خەڵکی کوردستان بدات نە هەولێرش ئامادەیی تێدا بێت لەو داهاتەی دەستی دەکەوێت لەگەڵ خەڵک بەشی بکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بیانوویەکی دیکەی کۆمپانیا نەوتییەکانی پارتی و یەکێتی بڕی و رەزامەندی نیشاندا کە شایستە داراییەکانیان لەسەر ئەو نەوتە وەربگرنەوە کە بەرهەمی دەهێنن، بۆیە دیار نیە بیانووی داهاتوویان چی دەبێت.
ئەوەی ئێستا دۆخەکەی سەخت و ئاڵۆز کردووە، خەڵک متمانەی بە گۆڕانکاری و ئومێدی چاکسازی نەماوە، چیتر هاوشێوەی رابردوو خواستی دەڕبڕینی نارەزایەتییەکانی لە سەر شەقام نەماوە، پەستی و توڕەیی خۆی لەناو خۆیدا پەنگ دەداتەوە و دیار نیە کەی بەڕووی دەسەڵاتدا دەتەقێتەوە.
خراپی دۆخەکە بە جۆرێکە ژیانی لە کوردستان پەک خستووە، تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە دووری مووچەخۆرانی هەرێمەوە، مووچەخۆرانی حکوومەتی فیدڕاڵن کە لە سایەی عێراقێکی وێراندا لە وادەی خۆی و کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن.
|