یەکخستنی کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری دەستیپێکرد

39   خولەک پێش ئێستا  358 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستی بە پرۆسەی نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنی زانیارییەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان کرد، بە مەبەستی تێکەڵکردنی زانیارییەکانی کارتی زانیاری لەگەڵ کارتی نیشتمانی.

میقداد میری، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ناسنامە دەستیان بە ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنی زانیارییەکانی نیشتەجێبوون کردووە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، لق و بەشە تایبەتەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق کرانەوە، بۆ ئەوەی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو ببێتە بەڵگەنامەی سەرەکی و یەکگرتوو، کە هەموو زانیارییە کەسییەکانی هاوڵاتی، لەوانە زانیارییەکانی نیشتەجێبوون، لەخۆ بگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە سیستەمی نوێ ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدات لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایلەوە، بە بەکارهێنانی ژمارەی نیشتمانیی تۆمارکراو لە کارتی نیشتمانی یەکگرتوو، زانیارییەکانی نیشتەجێبوونیان ببینن و نوێیان بکەنەوە، بێ ئەوەی پێویست بێت بەڵگەنامەیەکی نوێ یان ناسنامەیەکی تر دەرکەوێت.

ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا دێت بۆ دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی بەڵگەنامەی کاغەزییەکاندا، بە جۆرێک کارتی نیشتمانی یەکگرتوو ببێتە بەڵگەنامەی سەرەکی لە مامەڵە فەرمییەکاندا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە