عێراق هەنگاوێکی دارایی گرنگ دەنێت و ئەمریکا ستایشی دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ڕایگەیاند، عێراق ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی کاری دارایی نێودەوڵەتی (FATF)، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەموکوڕییە ستراتیژییەکانی سیستەمی دارایی و بانکیی وڵاتەکە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە دەست سپیکردنەوەی پارەوە دەناڵێنێت. بەهۆی ئەم پرسە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چەند ساڵی ڕابردوودا سزای بەسەر زیاتر لە 30 بانکی ئەهلیی عێراقیدا سەپاند و لە مامەڵەی دۆلار بێبەشی کردن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: عێراق دەستی کردووە بە گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ گرووپی کاری دارایی نێودەوڵەتی (FATF)، ئەمەش نیشانەی هەبوونی ئیرادەیەکی سیاسسی جددییە بۆ پابەندبوون بە یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
باڵیۆزخانەکە پشتیوانی و هاندانی ئەمریکای بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە، تاوەکو بەردەوام بێت لەسەر ئەم هەنگاوانە و پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە کارە هاوبەشەی کە لەگەڵ گرووپی (FATF) لەسەری ڕێککەوتوون.
ئەم گرووپە هاوکاریی عێراق دەکات و ڕێگری دەکات لەوەی بانکەکانی وڵاتەکە بخرێنە "لیستی ڕەش"ی نێودەوڵەتییەوە و هاوکات، پابەندبوون بە مەرجەکانی (FATF) متمانەی بانکە جیهانییەکان و وەبەرهێنەرە بیانییەکان بە بازاڕی عێراق زیاتر دەکات.
ئەمەش بزانە: گرووپی کاری دارایی (FATF)، گرووپێکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی 1989 دامەزراوە، بەرپرسە لە دانانی پێوەرە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر و تێکدانی سیستەمی دارایی تیرۆریستان.
|