عێراق لە 5 مانگدا زیاتر لە 10 تۆن زێڕی هاوردە کردووە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری بەشی پشکنینی خشڵ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 10 تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە و ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ بڕێکی دیاریکراو بۆ هاوردەکردنی زێڕ لەلایەن بازرگانانەوە نییە."
عەلی کەریم سەعید، بەڕێوەبەری بەشی پشکنینی خشڵ لە دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە رووداوی راگەیاندووە، "هاوردەکردنی زێڕ بۆ نێو عێراق بەپێی بڕیاری ژمارە 23671ی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیران رێکخراوە."
سەبارەت بەو بڕە زێڕەی ئەم ساڵ هێنراوەتە نێو عێراق، عەلی کەریم وتی، "لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار (31-05-2026)، بڕی 10 تۆن و 247 کیلۆ و 780 گرام زێڕ هاوردەی عێراق کراوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ بڕێکی دیاریکراو بۆ کۆمپانیا و بازرگانان دانەنراوە و دەتوانن بە هەر بڕێک بێت زێڕ بهێننە نێو وڵات.
بەوتەی بەڕێوەبەری بەشی خشڵ، زێڕەکە لە ئیمارات و تورکیاوە هاوردە دەکرێ و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، بەسرە و کەرکووک دەهێندرێتە نێو عێراق؛ جەختیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕە زێڕێک بە شێوەی فەرمی لە عێراقەوە بۆ دەرەوە نەنێردراوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، زێڕ لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە هاوردە دەکرێ.
|