تورکیا ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەکات؟

58   خولەک پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

مەترسی ڕاگرتنی نەوتی عێراق لەڕێگای بەندەری جەیهانەوە هەیە و حکوومەتی تورکیا مەرجی قورس بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک - جەیهان لەگەڵ عێراق دادەنێت ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ئەو رێککەوتنە لە 27ی تەممووزی داهاتوودا بە تەواوی کۆتایی پێ بێت.

بەرپرسێکی باڵای تورکیا بە ئاژانسی “بلومبێرگ”ی راگەیاندووە، ئەنقەرە داواکاری بەغدای بۆ درێژکردنەوەی یەک ساڵەی رێککەوتنەکە رەتکردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە، بەهۆی کێشە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، ناتوانن بە شێوازە کۆنەکە بەردەوام بن.

بە گوێرەی زانیارییەکان، تورکیا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ، داوای بەڵێننامەی درێژخایەنی پێنج بۆ 10 ساڵە دەکات و جەخت لە بەکارهێنانی تەواوی توانای بۆرییەکە دەکاتەوە، کە ئەم بۆرییە رۆژانە توانای گواستنەوەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر عێراق بۆرییەکەش بەکارنەهێنێت، دەبێت کرێی تێپەڕبوونی پێ بدات.
لە بەرانبەردا، حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ 770 هەزار بەرمیل زیاد بکات تا لایەنی تورکی رازی بکات، بە پێچەوانەوە ئەگەری هەیە بە بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیا هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی رابگیرێت.

کۆمپانیای “سۆمۆ”ی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا ئاستی هەناردەکردن لە نێوان 170 بۆ 180 هەزار بەرمیلدایە؛ بەڵام حکوومەتی عێراق پلانێکی پەسەند کردووە بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو مانگ و نیودا بۆ 770 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە