قاسم ئەعرەجی بۆ مەسرور بارزانی: شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین

3   کاتژمێر پێش ئێستا  36 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. ئەعرەجی رایگەیاند ئەوان شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەن، چونکە رۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە.
 
لە بەردەوامیی زنجیرە دیدارەکانیدا لە بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە دیدارەکەدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بە گرنگیی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و گوتی: "شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین کە خەبات و قوربانییەکی زۆری داوە و رۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە."
 
لای خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی رۆڵی گرنگی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتدا، هاوکات ستایشی پشتیوانییەکانی ئەعرەجی بۆ مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان کرد.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بۆ خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و، چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور، سیستمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە