نەوت و کانزاکانی هەولێر: هەفتەی داهاتوو کێشەی غاز چارەسەر دەبێت

2   کاتژمێر پێش ئێستا  165 جار خوێنراوەتەوە

لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، لە هەفتەی داهاتووەوە نرخەکان دادەبەزن و دابەشکردنی غاز ئاسایی دەبێتەوە.

سالار محەمەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ دەستی پێکردووەتەوە، ئێستا بڕێکی زیاتری غاز دەگاتە وێستگەکانی کارەبا و پشکی پارێزگاکان بۆ غازی ماڵان زیادی کردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە کێشەی کەمیی غازی ماڵان بە تەواوی چارەسەر ببێت و نرخەکەشی لە بازاڕەکاندا روو لە دابەزین بکات

لە بارەی پرۆسەی پێدانی غاز بە هاووڵاتییان و شێوازی دابەشکردنی، ئەو بەرپرسەی نەوت و کانزاکانی هەولێر وتی: “پرۆسەی دابەشکردنی غاز بەگوێرەی کارتە ئەلیکترۆنییەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنان بەم جۆرە بمێنێتەوە، بڕی زیاتر دەدرێتە بریکارەکان بۆ ئەوەی هەفتانە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەن”.

سەبارەت بە دابەزینی نەخی غازی بازرگانی، باسی لەوەکرد، ئاساییبوونەوەی دۆخەکە کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی نرخی غازی بازرگانی و بە شێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی کەم دەبێتەوە.

دوای هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل و تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە غازییەکان کەمی کردبوو، ئەمەش ببووە هۆی دروستبوونی قەیرانی غاز و گرانبوونی نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە