عێراق هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی هێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران راگه‌یاند
2 کاتژمێر پێش ئێستا
176 جار خوێنراوەتەوە
وته‌بێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان كۆبوه‌وه و رایگه‌یاند، "هێرشی ناڕەوا" بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەله‌كه‌ی "سه‌ركۆنه" ده‌كات و ره‌تیده‌كاته‌وه خاكی عێراق وەک ڕێڕەو یان شوێنی هەڵدانی هێرش بۆ سەر ئێران به‌كاربهێنرێت.
سەباح نو‌عمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان له به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌كردوه، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فەرماندەیی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان، ئه‌مڕۆ سودانی سەرپەرشتی کۆبونەوەی سەرکردە سەربازی و ئەمنییەکانی کرد، لە کۆبونەوەکەدا هەریەک لە وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری و بەرپرسی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسی دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئامادەبون.
سودانی کورتەیەکی لەباره‌ی بارودۆخی ئەمنی دوای هێرشەکان بۆ سەر عێراق و هەروەها ئەو پێشهات و پەرەسەندنانەی کە هاوڕێی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بون، خسته‌ڕو، هاوكات هەڵوێستی عێراق دوپاتکرایەوە، چ حکومەت و چ گەل، لۆژیکی شەڕ و دەستدرێژی بە هەمو شێوەکانیەوە ره‌تده‌كاته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، عێراق هۆشداری ده‌دات لە دەرئەنجامەکانی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی کە چەند شوێنێکی عێراقی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس شەهیدبون و برینداربونی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، لە کۆبونەوەکەدا هێرشی ناڕەوا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەمو هێرشەکانی دژی گەل و سەروەری و دامەزراوە دەستورییەکانی شەرمەزار کرا"، کۆبونەوەکە هۆشداریی خۆی دوپاتکردەوە لەهەمبەر هەرچەشنە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری و ئاسمانی و خاکی عێراق، یان بەکارهێنانیان وەک ڕێڕەو یان شوێنی هەڵدانی هێرش بۆ سەر ئێران.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، هەروەها هەر هەوڵێکی بۆ ڕاکێشانی عێراق بۆ ململانێ ڕەتکردەوە بە بەکارهێنانی خاکەکەی یان ئاوە خاکییەکانی وەک بیانویەک بۆ ئەو جۆرە کارانە، حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری خۆی پەنا بۆ هەمو ئەو ڕێگایانە دەبات کە یاسا و نۆرمەکانی نێودەوڵەتی ڕێگەی پێداوە.
لە کۆبونەوەکەدا هەڵوێستی عێراق دووپاتکرایەوە سەبارەت بە پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و ڕێگەی ئاشتیانە کە یاسای نێودەوڵەتی ڕێگەی پێداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەمو ناوچەکە بەرەوڕوی دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکان دەبێتەوە و جەختی لەسەر پێویستیی زلهێزەکان بە تایبەتی ئەمریکا کردوەتەوە کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بەشدارییەکی کاریگەرانە بکەن لە دۆزینەوەی چارەسەرەکان کە خۆیان لە بژاردە سەربازییەکان بەدوور بگرن.
|