هاوردە و ناردنکاران: نیگەران مەبن و خۆراکی چەند مانگ هەیە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە. یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، نەچن خۆراک بە کۆ بکڕن و دەڵێت، "بەشی چەند مانگ خۆراک کۆگە کراوە و کەمترینیش لە ئێرانەوە هاوردە دەکەین."
شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند، "ئێستا ترانزێتەکانی خۆراک و پێداویستی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە نایەن و لە بەندەی بەسرەوە دێن، بۆیە جەنگەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت."
شێخ عەتا محەمەد دەڵێت، "لە ئێرانەوە تەنیا ئەو شتانە دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان کە ئێرانین، لە ئەگەری راگرتنی هاوردەکردنیشیان وڵاتی جێگرەوە هەیە و کاریگەریی زۆر نابێت."
ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی بەرهەمی هاوردەکراوی خۆراک بۆ هەرێمی کوردستان ئێستا لە تورکیاوە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
لەبارەی ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەکەش وتی، "پێویست ناکات خەڵک نیگەران بن و بچن خۆراکی زۆر بکڕن، چونکە کۆگاکان خۆراک چوار مانگیان تێدایە و هەربۆیە جەنگەکە هیچ کاریگەری لەسەر نرخ نابێت."
بە وتەی شێخ عەتا محەمەد، تەنیا دابەزینی بەهای دینار لە ئەگەری بەردەوامیی جەنگدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ.
|